حاكم زاملی بۆ كوردستان24: پێویسته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی قورئانی پیرۆزی سووتاندووه‌، راده‌ستی عێراق بكرێته‌وه‌

حاكم زاملی
حاكم زاملی

K24 - هەولێر:

یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی ره‌وتی سه‌در رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی قورئانی پیرۆزی سووتاندووه‌، راده‌ستی عێراق بكرێته‌وه‌.

حاكم زاملی سه‌ركرده‌ له‌ ره‌وتی سه‌در به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئه‌م خۆپیشاندانه‌ی ملیۆنییه‌ له‌سه‌ر داوای سه‌ماحه‌تی موقته‌دا سه‌در رێكخراوه‌ و ده‌نگدانه‌وه‌ی له‌ ناوه‌نده‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی عێراقدا هه‌بووه‌.

زاملی هه‌روه‌ها گوتی: "پێویسته‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق جدی بێت بۆ ده‌ركردنی باڵیۆزی سوید له‌ عێراق و ئه‌و كه‌سه‌ی قورئانی پیرۆزی سووتاند، بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ عێراق و لێره‌ دادگایی بكرێت".

رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان "حاجییان"، پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بەناوى (سەلوان مۆمیکا) لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی ئەو وڵاتە، کۆپییەکی "قورئانی پیرۆز"ی سووتاند. سووتاندنی ئەو کۆپییەی قورئان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.

دوای ئەو رووداوە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 29ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی سوێدی لە بەغدا بانگهێشتکرد و "نامەیەکی تووندی ناڕەزایەتی" پێدا بەهۆی "مۆڵەتدانی دەسەڵاتدارانی شاری ستۆکهۆڵم بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن ئەو پەنابەرە عێراقییەوە."

هەڵوێستەکەی ئەو پەنابەرە عێراقیە، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی تووندی بەدوادا هات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوید بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینیەوە، بەڵام لە عێراق تووندترین هەڵوێست روویدا و خۆپیشاندەران ئێوارەی پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا.

ئێوارەی ئەمڕۆش خۆپیشاندانی ملیۆنی لایەنگرانی سەدر لە دژی سووتاندنی "قورئانی پیرۆز" لە بەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام به‌كارهێنانی ئاڵای سه‌رایا سه‌لام، گوتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی هەموو جۆرە وێنەیەک لە خۆپیشانداکەدا قەدەغە کراوە.