ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری چینی هێڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی گه‌رووی تایوان ده‌به‌زێنن

ناكۆكییه‌كانی نێوان چین و تایوان
ناكۆكییه‌كانی نێوان چین و تایوان

K24 - هەولێر:

وه‌زاره‌تی به‌رگری تایوان رایده‌گه‌یه‌نێت زیاتر له‌ ده‌ فڕۆكه‌ی چینی هێڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی گه‌رووی تایوانیان به‌زاندووه‌، كه‌ سنووری نافه‌رمی نێوان هه‌ردوولا داده‌نرێت، هاوكات ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كرێت چین هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ دوورگه‌كه‌ چڕكردووه‌ته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی به‌رگی تایوان راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 30ـی حوزه‌یرانی 2023)، 24 فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ر و پێنج كه‌شتی جه‌نگی چینی ده‌ستنیشان كردووه‌، كه‌ له‌ مانۆڕێكی هاوبه‌شدا به‌شداربوون، هه‌روه‌ها روونیكردووه‌ته‌وه‌ له‌ كۆی ئه‌و 24 فڕۆكه‌یه‌دا، 11 فڕۆكه‌ هێڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی گه‌رووی تایوانیان به‌زاندووه‌، كه‌ سنووری نافه‌رمی نێوان هه‌ردوولا داده‌نرێت.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی به‌رگری تایوان باسی له‌وه‌ كردووه‌، به‌ وردی چاودێری ئه‌و جموجۆڵانه‌ی هێزی سه‌ربازی چین ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ و كه‌شتی و سیستمی مووشه‌كی بۆ چاودێریكردنی پێشهاته‌كان له‌ دوورگه‌كه‌ ره‌وانه‌ كردووه‌.

به‌بۆچوونی به‌رپرسانی باڵای وه‌زاره‌تی به‌رگری تایوان، ئه‌و چالاكییانه‌ی ئه‌مڕۆی چین لانیكه‌م وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌كه‌ به‌رامبه‌ر سه‌ردانی شاندێكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی مایك رۆجه‌رز، سه‌رۆكی لیژنه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی تایبییه‌.

چین له‌ نیسانی ئه‌مساڵ (2023) له‌ كاردانه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی تسای ئینگ وین، سه‌رۆكی تایوان و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا، چه‌ند مانۆڕیكی سه‌ربازی له‌ ده‌وروبه‌ری دوورگه‌ی تایوان ئه‌نجامدا، هه‌روه‌ها رۆژی (پێنجشه‌ممه‌ 29ـی حوزه‌یرانی 2023) وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا ره‌زامه‌ندی نیشان دا له‌سه‌ر كڕینی كه‌لوپه‌ل و پێداویستی لۆجستی بۆ تایوان له‌ دوو رێككه‌وتن و گرێبه‌ستنی جیاواز كه‌ به‌هاكه‌یان ده‌گاته‌ 440 ملیۆن دۆلار.