مامۆستا تاهیر بامۆكی: سووتاندنی قورئانی پیرۆز دروستكردنی پشێوییه‌ لە سەر ئاستی جیھان

K24 - هەولێر:

مامۆستایانی ئایینی و ھاووڵاتییانی ھەڵەبجە لە بەردەم باخی گشتی شارەكە گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان دژی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە لایەن ھاووڵاتییەكی عێراقی لە سوید، ئەنجامدا و مامۆستایه‌كی ئایینیش ده‌ڵێت، سووتاندنی قورئانی پیرۆز دروستكردنی پشێوییه‌ لە سەر ئاستی جیھان.

 مامۆستا تاھیر بامۆكی، پێشنوێژ و وتار خوێن لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەو رەفتارانە دەستدرێژی ئاشكران بۆ سەر ئایینە جیاوازەكان و بڵاوكردنەوەی رق و كینەیە لە نێو كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و دروستكردنی پشێوی لە سەر ئاستی جیھان.

 مامۆستا تاھیر بامۆكی گوتیشی: "ئەوەی كراوە ھیچ پاساوێك ھەڵناگرێت و ھیچ كەس و لایەنێك سودی لێ وەرناگرێت".

رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان "حاجییان"، پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بەناوى (سەلوان مۆمیکا) لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی ئەو وڵاتە، کۆپییەکی "قورئانی پیرۆز"ی سووتاند. سووتاندنی ئەو کۆپییەی قورئان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.

دوای ئەو رووداوە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 29ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی سوێدی لە بەغدا بانگهێشتکرد و "نامەیەکی تووندی ناڕەزایەتی" پێدا بەهۆی "مۆڵەتدانی دەسەڵاتدارانی شاری ستۆکهۆڵم بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن ئەو پەنابەرە عێراقییەوە."

هەڵوێستەکەی ئەو پەنابەرە عێراقیە، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی تووندی بەدوادا هات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوید بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینیەوە، بەڵام لە عێراق تووندترین هەڵوێست روویدا و خۆپیشاندەران ئێوارەی پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا.

ئێوارەی ئەمڕۆش خۆپیشاندانی ملیۆنی لایەنگرانی سەدر لە دژی سووتاندنی "قورئانی پیرۆز" لە بەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام به‌كارهێنانی ئاڵای سه‌رایا سه‌لام، گوتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی هەموو جۆرە وێنەیەک لە خۆپیشانداکەدا قەدەغە کراوە.