ئیسرائیل: ئێمە هێرش ناکەینە سەر شوێنە ئەتۆمیەکانی ئێران

ئیسحاق هەنگەبی
ئیسحاق هەنگەبی

K24 - هەولێر

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی لە دەستپێکردنی هێرشکردن بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران دوورە، لە کاتێکدا گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن هەوڵی هێورکردنەوەی گرژییەکان دەدەن.

ئیسحاق هەنگەبی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل بە تەلەفزیۆنی کەناڵی 13ی وڵاتەکەی راگەیاند، هیچ رێککەوتنێک، ئیسرائیل پابەند ناکات بەوەی کە ئێران وەک هەڕەشەیەکی جددی ببینێت کە چەکی ئەتۆمی هەیە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئیسرائیل چەندە نزیکە لە هێرشی پێشوەختە لە دژی ئێران، ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل گوتی: "ئێمە نزیک نابینەوە لەمە، چونکە ئێرانییەکان لە ئێستادا لە پیتاندنی یۆرانیۆم وەستاون و کاری تێدا ناکەن، هەروەها نەگەیشتوونەتە ئاستێک کە وەک هێڵی سوور سەیر بکەین.

دەشڵێت: بەڵام رەنگە ئەمە رووبدات، بۆیە ئێمە ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەو ساتەوەختە، کاتێک ناچار دەبین بەرگری لە گەلی ئیسرائیل بکەین لە بەرامبەر ئێران، کە بەدوای لەناوبردنی ئێمەدا دەگەڕێت و بە چەکی کۆمەڵکوژ.

هەنگەبی ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا روون نییە دەرئەنجامی ئەو دانوستانانەی کە ئەمریکا هاوپەیمانی سەرەکی ئیسرائیل لە چەند هەفتەی رابردوودا لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە لە هەوڵێکدا بۆ دەستنیشانکردنی هەنگاوەکان کە رەنگە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران سنووردار بکەن و گرژییەکان کەمبکەنەوە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هێڵی سووری بە پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران پێناسە کردووە کە دەگاتە 90%، ئەمەش لەکاتێکدایە ئێران لە چەند ساڵی رابردوودا پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ لە 60% زیاد کردووە.