هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی پلانه سه‌ربازییه‌كانی له عێراق ده‌خاته‌ڕوو
K24 – هه‌ولێر
رۆژی چوارشه‌ممه، كۆبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی جیهانی له شه‌ڕی دژی داعش له واشنتۆنی پایته‌ختی ئه‌مریكا به‌ڕێوه ده‌چێت.
كۆبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌رپه‌رشتی وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا ئاشتۆن كارتێر تایبه‌ته به تاوتوێكردنی ستراتیژی ئاینده‌ی شه‌ڕی دژی داعش كه وه‌زیرانی به‌رگری و ده‌ره‌وه‌ی 45 وڵاتی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی، قوناغی ئاینده‌ی شه‌ڕی دژی داعش تاوتوێ ده‌كه‌ن و به هه‌ماهه‌نگییه‌كی زیاتره‌وه هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر داعش ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
نوینه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له شه‌ڕی دژی داعش رایگه‌یاند كۆبوونه‌كه پێداگری له‌سه‌ر پلانی سه‌ربازی و پلانی سه‌قامگیری بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی له عێراق ده‌كات.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌روه‌ها باس له بارودۆخی ئێستای ناوچه‌ی شه‌ڕی دژی داعش ده‌كرێت و تاوتوێی رێككه‌تنێك ده‌كه‌ن بۆ ستراتیژی ئاینده‌ی شه‌ڕی دژی رێكخراوی داعش.
پێش ئه‌وه‌ی كه كۆبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له شه‌ڕی دژی داعش له ئه‌مریكا به‌ڕێوه بچێت، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی ره‌خنه له‌و هاوپه‌یمانییه گرت كه كورد بۆ كۆبوونه‌وه‌ی واشنتۆن بانگهێشت نه‌كردووه، له‌كاتێكدا كه رۆڵی پێشه‌نگ له شه‌ڕی دژی داعش هه‌یه.