گەشتوگوزاری دهۆک: زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای دهۆکیان کردووە

هاوینه‌هه‌واری سیپه‌ له‌ ئاكرێ.. ئه‌رشیڤ
هاوینه‌هه‌واری سیپه‌ له‌ ئاكرێ.. ئه‌رشیڤ

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری دهۆک ئاشکرایدەکات، لە ماوەی سێ رۆژی رابردووی جەژنی قوربان (حاجییان) زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای دهۆکیان کردووە. پێشبینیش دەکرێت، تا 8ـی ئەم مانگە ژمارەکە زیاتر ببێت.

ئەمڕۆ شەممە 1ـی تەمووزی 2023، خەیری عەلی ئاسۆ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، تا دوێنێ هەینی نزیکەی 60 هەزار گەشتیار لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای دهۆکیان کردووە و پێشبینیش دەکەن تا 8ـی ئەم مانگە ژمارەکە بۆ سەرووی 100 هەزار گەشتیار بەرزببێتەوە.

هاتنی ئەم ژمارەی زۆرەی گەشتیاران، وەکو ئەوەی خەیری عەلی ئاسۆ ئاماژەی پێ دەدات، کاریگەرییەکی گەورەی کردووەتە سەر بازاڕ و ئابووریی پارێزگای دهۆک. گوتیشی، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا سەردانی شوێنە گەشتیارەکانی ئاکرێ، ئامێدی، سێمێل و چەند شارێکی دیکەیان کردووە بۆ ئەوەی بزانن سەرنج و تێبینی گەشتیاران لەسەر شوێنە گەشتیارییەکان چین.

بەگوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری دهۆک، کاریان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مانەوەی گەشتیاران کردووە و تا ئێستا ژمارەیەک هۆتێل و شوێنی مانەوەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک دروستکردووە، بەڵام هاوکات داواش لە وەبەرهێنەران دەکات، ئەوانیش بەشداریی لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدا بکەن و شوێنی مانەوە دروستبکەن، چونکە خۆیان و حکومەتیش لەو کارە سوودمەند دەبن.

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ هەینی ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێم بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشبینی دەکەن بۆ ئەم جەژنە زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.