بەهجەت یەحیا کەشێکی رۆحانی تۆمار دەکات

هونەرمەند بەهجەت یەحیا
هونەرمەند بەهجەت یەحیا

K24 - هەولێر:

هونەرمەندی گۆرانیبێژ بەهجەت یەحیا، لەدوای بڵاوبوونەوەی گۆرانی بەفری زەمانە، کە بۆ تاڵە مووە سپیەکانی خۆی چڕی بووی و گوزارشتی لە پاییزە تەمەنی خۆی دەکرد، ئێستا لە ڤینۆ ستۆدیۆ سەرقاڵی تۆمارکردنی بەرهەمێکی نوێیە.

بەرهەمە نوێیەکەی بەهجەت یەحیا بە ناوی "کەشێکی رۆحانی"ـە، کە لە تێکست و ئاوازی خۆیەتی و دابەشکردن و موزیکی ئارام سەردارە.

هونەرمەند بەهجەت یەحیا لەمبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەر گۆرانییەکی نوێی من دەگوترێت ئەمە دوا بەرهەمە کە کاری بۆ بکەم و جارێکی دیکە ناتوانم گۆرانی بڵێم، بەڵام لێرەوە رایدەگەیەنم خۆشەویستی هەوادارانم وەک کانییەکی سازگار دەڕژێتە ناخمەوە و ناهێڵێت ببم بە بیابانێکی وشک و دەست لە هونەرەکەم هەڵگرم و ناهێڵێت لە کونجێکی ئەم دنیا لە تێنوویەتی دا بخنکێت.

گوتیشی: وشە جوانەکان و خۆشەویستی هەوادارەکانم باڵی پێبەخشیووم و بە ناو ئەندێشەدا دەفڕم، تا بتوانم ئەوین و جوانی پێکەوە بهۆنمەوە و بیکەم بە ئاواز و گۆرانی تازە.

ئەو هونەرمەندە دەشڵێت: کەشێکی رۆحانی، دەبێتە نوێترین بەرهەمی من لەم هاوینەدا و دوای تۆمارکردنی بەرهەمەکە، بەشێوەی ڤیدیۆ-کلیپ لە کەناڵە ئاسمانییەکان بڵاودەبێتەوە، هەرچەندە ئەو گۆرانیە لەسەر مەقامی سێگایە، بەڵام ئارام سەردار توانیویەتی بەشێوەیەکی زانستی دابەشکردنی هارمۆنی بۆ بکات.