ئەنجامە بەراییەکانى ماستەر و دکتۆرا رادەگەیەنرێت

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

K24 - هەولێر

وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە چەند رۆژى داهاتوو ئەنجامە بەراییەکانى ماستەر و دکتۆرا رادەگەیەنرێت.

ئەمڕۆ شەممە 1ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، بەسەرپەرشتى ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و بەڕێوەبەرى گشتىی فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان و تیمى وردبینى وەزارەت، پرۆسەى وردبینىکردن بۆ خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا و ماستەرو دکتۆرا بەردەوامە و بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتوو ئەنجامە بەراییەکان رابگەیەنرێت.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی باڵا/دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومیەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2023 - 2024 بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە، پرۆسەی ھەڵەچنینی پەراوی تاقیکردنەوە تەواو بووە و لە ئێستادا بەسەرپەرشتیى ڕاستەوخۆى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پڕۆسەى خاڵبەندى و ڕێکخستنی پێشبرکێی وەرگرتن لە نێوان پێشکەشکاران و پرۆسەی وردبینی دەستیپێکردووە و بەردەوامە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، ئەمساڵ بە ھۆی فراوانی پرۆسەی خوێندنی باڵا کە تیایدا 15 هەزار و 728 خوازیار داواکارىیان پێشکەش کرودوە، بۆیە وەزارەت جەختدەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنى پرەنسیپى دادپەروەرى و شەفافیەت و هەلى یەکسان لە پرۆسەکەدا و ھەموو ھەوڵێکیش دراوە کە پڕۆسەى خاڵبەندى و ڕێکخستنی پێشبرکێی وەرگرتن لە نێوان پێشکەشکاران و پرۆسەی وردبینی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە ئەنجام بدرێت تاوەکو بنەماکانی شەفافیەت و دادپەروەری و ھەلی یەکسان بەتەواوەتى بەرجەستە بێت.