بەشێکی ئاژەڵفرۆشانی كهركووك لە رۆژانی جەژندا پابەندی رێنماییە تهندروستییهكان نەبوون
K24 - هەولێر:
بەشێک لە ئاژەڵفرۆشانی كهركووك لە رۆژانی جەژنی قورباندا پابەندی بڕیارەکانی لیژنەی تەندروستی کەرکووک نەبوونە و هەر لەنێو گەڕەکەکان ئاژەڵیان سهر بڕیوه و فرۆشتوویانه، هاوکات بەشێک لە هاووڵاتیانی شارهكه پاشماوەی ئەو ئاژەڵانەی کردوویانە بە قوربانی لەنێو شەقامەکان فڕێیان داوە.
بە پێچەوانەی رێنماییەکانی قائیمقامیەتی کەرکووک و لیژنەکانی تەندروستی، لە ماوەی چوار رۆژی جەژنی قورباندا، بەشێکی زۆر لە گۆشتفرۆشان لەسەر شەقامەکان ئاژەڵیان فرۆشتووە و لەنێو گەرەکەکان سەریان بڕیوه. هاوکات بەشێک لە هاووڵاتیانی شارهكه پاشماوەی ئەو ئاژەڵانەی کردوویانە بە قوربانی لەنێو شەقامەکان فڕێیان داوە و زبڵ و پاشماوەی ئاژەڵ بەشێک لە شەقامە سەرەکییەکانی کۆڕنیشی داخستووە، بهشێوهیهك هاووڵاتیانی ئەو گەڕەکانە بە تەواوی هەراسان بوونە و دەڵێن لەتاو بۆنی زبڵ و پاشماوەی فڕێدراو بەشێکیان خانووەکانیان فرۆشتووە.
رائید زێدان لەسەر شەقامی کۆڕنیش چەند سەر ئاژەڵێکی داناوە و دەیانفرۆشێ به كوردستان24ـی راگهیاند، هەرچەندە سەربڕینی ئاژەڵ لهو شوێنه ڕێگەپێدراو نییە، بەڵام ئەو ئاژەڵانەی ئهوان دهیفرۆشن مەترسی نەخۆشی تای خوێنبەربوونیان نییە و گۆشتەکەیان بۆ خواردن تەندروستە.
هاوكات حوسێن عەواد، هاووڵاتییهكی كهركووكه و ماوهی 20 ساڵه كاری كۆكردنهوهی قوتووی سهر زبڵخانهكان دهكات و به كوردستان24ـی گوت، كه ماوهی سێ رۆژی یهكهمی جهژنی قوربان پاشماوهی ئاژهڵه سهربڕاوهكان لهو شوێنه فڕێدراوه.
لهلایهكی دیكهوه هاووڵاتیانی ئهو گەڕەکە دەڵێن، ئەو گۆشفرۆشانەی لەسەر شەقامەکان ئاژەڵ سەردەبڕن، دواتر پاشماوەکانیان لهو شوێنه فڕێ دەدەن و دەڕۆن، ئەوان دەڵێن لەبەر بۆنی ئەم پاشماوانە بەشێک له دانیشتووانی گهڕهكهكه خانووەکانیان فرۆشتووە و لەم ناوچەیە رۆشتوون.
لهوبارهیهوه یوسف مەسار یهكێكه له هاووڵاتییانی ئهو گهڕهكه و به كوردستان24ـی راگهیاند، "ئەوانەی ئۆتۆمبێلیان پێیە دێن لێرە ئاژەڵەکە سەر دەبڕن و دەڕۆن و لەبەر بۆنی ناخۆش نیوەی ئەو خەڵکەی ئێرە خانووەکانیان فرۆشتووە و باریان کردووە".
لهلای خۆیهوه شارهوانی کەرکووک دەڵێت، بوودجەی پاكکردنەوەی نێو شار لە ملیارێک و 200 ملیۆن دینارەوە بۆ کەمتر لە نیو کەم کراوەتەوە و توانای پاکردنەوەی تەواوی گەڕەکەکانیان نییە، هەر بۆیە بەشێک لەو گەڕەکانە لە رێگەی تیمی پاکكردنەوەی ئەهلییەوە و لە بەرامبەر بڕێک پارە پاک دەکرێنەوە.