له‌باره‌ی پشێوییه‌كانی فه‌ره‌نسا، کەنەدا ھۆشداری دایە ھاووڵاتیانی خۆی

K24 - هەولێر:

کەنەدا ھۆشداری دایە ھاووڵاتیانی خۆی بەوەی کە "زۆر وریابن" لە گەشتکردن بۆ فەرەنسا کە ناڕەزایەتییەکان بەھۆی کوژرانی گەنجێکی تەمەن 17 ساڵ تێدا بەردەوامن.

بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لەلایەن حکومەتی کەنەداوە بڵاوکراوەتەوە، تا ئێستا ئەو خۆپیشاندانانەی کە بەھۆی کوژرانی گەنجێکی تەمەن 17 ساڵ لە فەرەنسا سەریانھەڵداوە، بەردەوامە.

لە راگەیەندراوەکەدا ھۆشداری درایە ھاووڵاتیانی کەنەدی بەوەی کە "زۆر وریابن" لە گەشتکردن بۆ فەرەنسا.

رۆژی 27ی حوزەیران لە شاری نانتێرێی فەرەنسا، لە دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک کە سێ کەسی تێدابوو و گوێیان بە ھۆشداری "بوەستە"ی پۆلیس نەدا، شوفێری ئۆتۆمبێلەکە بەھۆی دەستڕێژی پۆلیسەوە کوژرا.

لەکاتێکدا لەبارەی رووداوەکە لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد، کاردانەوە بەرامبەر بە كوژرانی ئەو گەنجەكه‌ نیشان درا، لە شارە جیاوازەکانی سەرتاسەری فه‌ره‌نسا خۆپیشاندەران رژانە سەر شەقامەکان و لەگەڵ پۆلیسدا پێکدادان دروست بوو.