لە شارباژێر زیاد لە 700 دۆنم پوش و پاوان و دارستان سووتان

ئاگرکەوتنەوە لە شارباژێر
ئاگرکەوتنەوە لە شارباژێر

K24 - هەولێر:

لە سنووری هەردوو قەزای چوارتا و ماوەت زیاد لە 700 دۆنم لە پوش و پاوان و دارستان سووتان و سێ تۆمەتباریش دەستگیرکران کە گومانیان لێ دەکرا هۆکاری کەوتنەوەی بەشێكی ئاگرەکەبن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە چیاکانی سنووری گوندی (بێورێ)ـی سەر بە قەزای چوارتا ئاگرێك کەوتەوە کە بووە هۆی سووتانی نزیکەی 300 دۆنم دارستان و پوش و پاوان، هەروەها بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێکی فراوان لە سنووری گوندی (دۆڵ بێشك)ـی شارباژێڕ کەوتەوە، کە زەرەر و زیانی ئاگرەکە مەزەندە دەکرێت بە سوتانی 450 دۆنم لە پوش و پاوان دارستان و سووتانی 20 دۆنم رەز و باخی هاووڵاتییان.

.

سەبارەت بە ئاگرەکەی سنووری چوارتا، ئاماژە بەوەدرا، بە هەوڵی مەفرەزەیەك لە کارمەندانی بەشی پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ و بەرگری شارستانی قەزای چوارتا و دانیشتوانی ناوچەکە ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا.

لەبارەی ئاگرەکەی سنووری قەزای ماوەت، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، بە ئامانجی کوژاندنەوەی ئاگرەکە مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستانی ماوەت و بنکەی گاپیڵۆن گەیشتنە شوێنی دیاریکراو، دوای هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر کە ماوەی 24 کاتژمێری خایاند بە هاوکاری بەرگری شارستانی ماوەت و خەڵکی گوندی دۆڵ بێشك توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

.

بە گوێرەی راگەیەندراوێكی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، سێ تۆمەتبار دەستگیرکران کە گومانیان لێ دەکرا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی سنووری چوارتا بن.