لەسەر کێشەی رێگاوبان؛ دانیشتوانی 11 گوندی سنووری سەیدسادق گردبوونەوە

K24 - هەولێر:

دانیشتوانی 11 گوندی سنووری قەزای سەیدسادق بەهۆی تێکدانی رێگایەکی سەرەکی گوندەکانیان و چاکنەکردنەوەی لەکاتی خۆیدا، گردبوونەوە و بۆ ماوەیەک رێگای هەڵەبجە – سلێمانیان داخست.

یەکێک لەو کەسانەی نوێنەری گوندنیشان بوو، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کێشەکەی ئەوان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر، کە لەوکاتەوە رێگای ناوگردان تێکدراوە و تا ئێستا چاکنەکراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو رێگایە 11 گوندی سنووری سەیدسادقی لەسەرە و پارێزگای هەڵبەجە و قەزای سەیدسادق پێکەوە دەبەستێتەوە.

رەزا محەممەد ئیسماعیل، قایمقامی سەیدسادق بە کوردستان24ی راگەیاند، چاککردنی رێگای ناوگران بەشێكە لە پرۆژەی بەدووسایدکردنی رێگای نێوان سەیدسادق و هەڵەبجەی شەهید، هەرچەندە دەبوو لەگەڵ تەواوبوونی ئەو پرۆژەیەدا ئەم رێگایەش چاکبکرێت بەڵام تا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە.

بە گوتەی قایمقامی سەیدسادق، بەڵێندەری پرۆژەکە کۆمەڵێك کێشەی یاسای هەبووە، بۆیە ئاڕاستەی کارکردنیان بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە بەجۆرێک بووە، تا بتوانرێت بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوادانکردنەوە و نیشتەجێکردن و رێگاوبانی سلێمانی راستەوخۆ کار لەسەر تەواوکردنی پرۆژەکە بکەن، واتە پرۆژەکە لە بەڵێندەر وەربگیرێتەوە و فەرمانگەی پەیوەندیدار هەڵبستێ بە تەواوکردنی پرۆژەکە.

رەزا محەممەد ئیسماعیل راشیگەیاند، گرفتێکی دیکەی گوندنیشانی ئەم سنوورە ئەوەی، ئەو جووتیارانەی زەویەکانیان بەر رێگا دوو سایدەکە کەوتووە، تا ئێستا قەرەبوویان وەرنەگرتووە، گوتیشی: دەمانەوێت جووتیارانی ئەم گوندانە هاوشێوەی جووتیارانی سنووری هەڵبجە قەرەبووی زەویەکانیان وەربگرنەوە.