ئێران داوا لە فەرەنسا دەکات توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران رابگرێت

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

K24 - هەولێر:

ئێران داوا لە فەرەنسا دەکات "مامەڵەی توندوتیژ" دژی خۆپیشاندەران رابگرێت و هێزە ئەمنییەکان دان بەخۆیاندا بگرن لە رووبەڕوونەوەی کاری تێکدەرانە، کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا سەریانهەڵداوە.

بەهۆی کوژرانی مێرمنداڵێکی جەزائیری تەمەن 17 ساڵ بەدەستی پۆلیسێکی فەرەنسا، ماوەی چەند رۆژێکە خۆپیشاندان لە شار و شارۆچکەکانی فەرەنسا دەستیپێکردووە و تا ئێستا زیاتر لە 1000 کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیرکراون.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەوبارەیەوە رایەگەیاند، ئەوەی پێویستە حکومەتی فەرەنسا رێز لە پرەنسیپەکانی مرۆڤایەتی و ئازادی رادەربڕین و مافی ناڕەزایەتی ئاشتیانە بۆ هاووڵاتییان بگرێت و مامەڵەی توندوتیژی لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆی رابگرێت.

کەنعانی لە بەیاننامەیەکدا داوای لە "حکومەت و پۆلیسی فەرەنسا کردووە کە دان بە خۆیاندا بگرن و دەستبەرداری توندوتیژی بن و گرنگی بە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بدەن".

وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە، هەموو شەوێک دەستگیرکردنی سەدان کەس رادەگەیەنێت، کە بەشێکیان بەتۆمەتی ئاژاوەگێڕی و دزی و تاڵانکردن و ئاگردان لە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت دەستگیرکراون، هاوکات دەیان هەزار کارمەندی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و گەڕاندنەوەی ئارامی لە نێو شەقام و کۆڵانەکان جێگیر کراون.

ئەم لێدوانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە، کە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شارە ئێرانییەکان، تا ئێستا زیاتر لە 600 خۆپیشاندەر کوژراون و نزیکەی 8000 کەسی دیکە برینداربوون.

خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بە کوژرانی ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) دەستیپێکرد.

ژینا ئەمینی 22 ساڵ، رۆژی 13ـی ئەیلولی ئەمساڵ بەبیانووی رەچاونەکردنی باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە دەستگیراکرا و دوای سێ رۆژ تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.