تەندروستیی دهۆک: لە رۆژانی جەژندا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و 260 منداڵیش لەدایکبوون

K24 - هەولێر

گوتەبێژی تەندروستیی گشتیی پارێزگای دهۆک رایدەگەیەنێت، لە هەر چوار رۆژی جەژنی قوربان زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی سەردانی نەخۆشخانەکانی فریاکەوتنیان کردووە، 260 منداڵ لەدایکبوون و شەش هاووڵاتیش گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی تەممووزی 2023، هەمزە رەزیکی، گوتەبێژی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماری تایبەت بە رۆژانی جەژنی قوربانی راگەیاند.

وەکو ئەوەی گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگای دهۆک ئاماژەی پێ دا، لە هەر چوار رۆژی جەژنی قوربان، پێنچ هەزار و 267 کەس سەردانی نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن لە سنووری ئەو پارێزگایەیان کردووە و 52 نەشتەرگەریی بەپەلە ئەنجامدراون.

لەبارەی ئاماری لەدایکبوونی منداڵان و حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان لە رۆژانی جەژندا، هەمزە رەزیکی روونیکردەوە، لە هەر چوار رۆژی جەژنی قورباندا 260 منداڵ لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ لە دایکبوون و شەش کەسیش بە رووداوی جیاواز گیانیان لەدەستداوە.

گوتەبێژی گشتیی تەندروستیی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، بەروارد بە جەژنی رابردوو (جەژنی رەمەزان) رووداوەکان کەمیکردووە و هاووڵاتییان کەمتر سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردەوە. هاوکات روونیشیکردەوە، پلانەکەیان بۆ رۆژانی جەژنی قوربان زۆر بە باشی جێبەجێکراوە.

 

 

لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە ئەمیر عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هەر چوار رۆژی جەژنی قوربان پێنج هەزار و 238 هاووڵاتیی سەردانی نەخۆشخانەکانی سنووری ئەو ئیدارەیان کردووە.

ئەمیر عەلی لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوە دا، لە رۆژانی جەژندا چوار هاووڵاتیی گیانیان لەدەستداوە، کە دووانیان بەهۆی رووداوی هاتووچۆیەوە بوون. هاوکات لەو ماوەیەدا 67 منداڵ لە نەخۆشخانەکانی ئافرەتان و منداڵان لە دایکبوونە.