"لە خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا ئاگر لە 871 شوێن بەردراوە"

K24 - هەولێر:

لە پێنجەمین شەوی خۆپیشاندانەکانی فەرەنسادا، کە بەهۆی کوشتنی گەنجێک لەلایەن پۆلیسەوە سەریهەڵدا، ئاگر لە 871 شوێنی گشتیی بەردرا، 577 ئۆتۆمبێل سووتێندرا و 74 باڵەخانە زیانی بەرکەوت.

دوای ئەوەی ئەم هەفتەیە لە ناوچەی نانتیر باکووری رۆژئاوای پاریس گەنجێک بە ناوی نائیل مەرزوقی لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا، گرژی و ئاڵۆزی لە فەرەنسا سەریهەڵدا.

کەناڵی تەلەفیزیونیی "BFMTV"ی فەرەنسی له‌سه‌ر زاری وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە بڵاوی کردووەتەوە، لەو خۆپیشاندانانەی تا دوێنێ شەو بەردەوام بوو، ئاگر لە 871 شوێنی گشتیی بەردراوە، 577 ئۆتۆمبێل سووتێندراوە و 74 باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە.

له‌مباره‌یه‌وه‌ لاورێنت نونیز بەڕێوەبەری پۆلیسی پاریس، باسی لەوە کرد، لە چوارچێوه‌ی ئه‌و خۆپیشاندانانەی بەهۆی کوژرانی نائیل مەرزوقی-یەوە سەریهەڵداوە، ئێلەگ زەردەکانیش بینراون و ئێستا پێویست بە راگەیاندنی باری نائاسایی ناکات.

لاورێنت نونیز ئاماژەی بەوەشکرد، لە خۆپیشاندانەکاندا، ماڵی سەرۆکی شارەوانی ئێڵ های لێس-رۆس، ڤینسێنت ژینبرو لە رێگەی ئۆتۆمبێلێکی ئاگراوییەوە سووتێندراوە و بەو هۆیەوە خۆپیشاندانەکە ئاراستەیەکی دیکەوە وەرگرتووە، بۆیە پارێزگاری لە ژینبرو دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، جیراڵد دارمانین لە هەژماری خۆی لە تویتەر، پشتیوانی خۆی بۆ ژینبرو و خێزانەکەی دەربڕی.

دارمانین باسی لەوە کرد، کە ژینبرو و خێزانەکەی بوونەتە قوربانیی هێرشێکی قێزەون و ترسنۆکانە و بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشن، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو رووداوە کردووەتەوە.

گوتیشی: ''ئەنجامدەرانی ئەم رووداوانە، باجی کارە قێزەونەکەیان دەدەن''.

هاوکات دارمانین و سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، ئەلیسابێس بۆرنی و وەزیری گۆڕانی ئیکۆلۆژی فەرەنسا، کریستۆف بێچو لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی ئێل های لێس-رۆس ژینبرو کۆبوونەوە.

بۆرنی بە ژینبرو-ی راگەیاند: ''هەموومان تووشی شۆک بووین بەوەی روویدا. حکومەت پشتیوانیتان دەکات''.

هەروەها سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، ئەلیسابێس بۆرنی باسی لەوە کرد، هیچ سەرۆک شارەوانییەک لەم جۆرە دۆخانەدا بە تەنیا جێناهێڵن.

لە 27ی حوزەیراندا لە ناوچەی نانتیر باکووری رۆژئاوای پاریس، پۆلیس تەقەی لە ئۆتۆمبێلێک کرد کە سێ کەسی تێدابوو و لە ئاکامدا، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە کەسێکی تەمەن 17 ساڵان بوو بە ناوی نائیل مەرزوقی گیانی لەدەست دا.

وەک کاردانەوەیەک لەبه‌رامبه‌ر کوژرانی ئەو گەنجە، لە چەند شارێکی جیاوازی وڵاتەکە خۆپیشاندان دەستیپێکرد.

لەگەڵ ئەوەی بڕیاردرا بە دوورخستنەوە و دادگاییكردنی ئەو پۆلیسەی کوڕەکەی کوشتبوو ، بەڵام رەوشەکە هێورنەبووەتەوە.

بەهۆی روودانی تاڵان و لەو شارانەی خۆپیشاندانەکانیان تێدا بەڕێوەدەچێت، لە 10 شار لە کاتژمێر 21:00ەوە قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەندراوە.