پارێزگاری هه‌ولێر کار لەسەر چارەسەرکردنى کێشەی کەمئاوی دەکات

K24 – هەولێر:

لە دیوانی پارێزگای هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە پلان و بەرنامەى پارێزگاى هەولێر بۆ  چارەسەرکردنى گرفت و کێشەکانى ئاوى ماڵان ئەنجامدرا.

ئەمرۆ یەکشەممە (2ــی تەمموزی 2023)، لە راگەیاندراوێکدا پارێزگای هەولێر، رایگەیاند، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و ئارى محەممەد، بەڕێوەبەرى گشتیى ئاو و ئاوەڕۆى هەرێم، لە دیوانی پارێزگای هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە پلان و بەرنامەى پارێزگاى هەولێر بۆ  چارەسەرکردنى گرفت و کێشەکانى ئاوى ماڵان ئەنجامدرا.

بە گوێرەی راگەیاندراوەکەی پارێزگای هەولێر، لەکۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە بەڕێوەبەرانى ئاو و ئاوەڕۆى ناوشار و دەوروبەر و بەڕێوەبەرى قەیرانەکانى پارێزگا و بەرێوەبەرى ژمێریارى پارێزگا ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر تیشکى خستەسەر چارەسەرکردنی گرفتەکانى ئاو لە سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، لەوبارەیەشەوە هەردوو بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆى ناوشار و دەوروبەرى راسپارد لە زووترین کاتدا دەستکراوەبن و دەست بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان بکەن بۆ چارەسەرکردنى هەر کێشە و گرفتێکى ئاو لە هەر شوێنێک هەبێت، لەوانەش لێدانى بیرى و چاککردنەوە و چارەسەرکردنى گرفتە تەکنیکیەکانى ترى بیرەکان.

هەروەها، باس لەوەشکرا، بەهۆی کێشەى كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌ی ماڵان له‌ به‌شێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شارى هه‌ولێر و قەزا و ناحییە و گوند و ناوچەکانى ترى سنوورى پارێزگاى هەولێر، پارێزگارى هەولێر دووپاتى کردەوە، کە هەردوو بەڕێوەبەرایەتى تەواوى هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ دەربازبوون لەو گرفتانەى هەن و جەختی لەسەر خێراترکردنى پڕۆسەى لێدانى بیرى ئاوى خواردنەوەى بەدیل و نوێ لە هەولێر و دەوروبەر و نۆژەنکردنەوەى بیرەکان کردەوە.

بەگوێرەی راگەیاندراوەکەی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەشیان خستەڕوو، هەر هاووڵاتییەک لە سنووری هەر شەش بەڕێوەبەرایەتى شارەوانییەکەى هەولێر گرفت و کێشەى کەمى ئاوی هەبێت، بۆ چارەسەرکردنى دەتوانێت رۆژانە لە کاتژمێر( 8 )ى بەیانی تاکو کاتژمێر ( 10 )ى شەو  پەیوەندی بەو ژمارە تەلەفۆنانەوە بکات:-

سنوورى شارەوانى یەک

07515250001

07515260001

 

سنووری شارەوانی دوو

07515250002

07515260002

 

سنووری شارەوانی سێ     

07515250003

07505260003

 

سنووری شارەوانی چوار

07515250004

07515260004

 

سنووری شارەوانی پێنج

07515250005

07515260005

 

سنوورى شارەوانی شەش

07515250006

07515260006