شارەوانی هەولێر لە رۆژانی جەژندا زیاتر لە 6 هەزار تۆن خاشاکی کۆکردووەتەوە

K24 – هەولێر:

سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە ماوەی چوار رۆژی جەژنی قورباندا، شەش هەزار و 360 تۆن پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی و خۆڵ و خاشاکی ماڵان کۆکردووەتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، تەنیا لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێردا لە ماوەی چوار رۆژی جەژنی قورباندا، شەش هەزار و 360 تۆن پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی و خۆڵ و خاشاکی ماڵان کۆکراوەتەوە و چارەسەر کراوە.

بە گوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، تایبەت بە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی ماڵان و پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی بۆ هەر چوار رۆژی جەژنی قوربان، لەو چوار رۆژەدا تەنیا لە سەنتەری شاری هەولێر 560 تۆن پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی کۆ کرایەوە و شوێنەکانیش خاوێن کرایەوە.

سەبارەت بە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی ماڵانیش، زیاتر لە پێنج هەزار و 800 تۆن کۆ کراوەتەوە و دواتر پاشماوە و خۆڵ و خاشاکی کۆکراوە بۆ شوێنی تایبەت گواستراوەتەوە و چارەسەر کراوە.

لەو هەڵمەتەدا بە سەدان ئامێر و کرێکاری شارەوانی بەشدارییان کردووە و پرۆسەی خاوێنکردنەوەش بەردەوامە.

پێشتریش ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، ئەمساڵ لە شاری هەولێر لە 35 شوێن تەنەکەی خۆڵی گەورە دانراوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان پاشماوەی قوربانی تێدا فڕێبدەن تەنەکەی خۆڵەکان گەورەن و رێنمایی ژینگەییان لەسەرە.

هاوکات راشیگەیاند، 13 ژمارە تەلەفۆنیان بڵاوکردووە بۆ ئەوەی پەیوەندییان پێوەبکرێت و رێنمایی بە هاووڵاتییان بدەن.

پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد لەماوەی چوار رۆژی جەژندا، 143 هەزار و 921 گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە و لە گۆشتگەى هاوچەرخى هەولێر، لەو چوار رۆژەدا هەزار و 872 ئاژەڵ کراونەتە قوربانى.