عەبدولواحید ئەحمەد: رۆژانە لە هەولێر زیاتر لە 2 هەزار تۆن خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە

عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر

K24 – هەولێر:

سەرۆکی شارەوانی هەولێر، رایدەگەیەنێت، لە ماوی رۆژانی جەژندا زیاتر لە شەش هەزار تۆن خاشاکی پاشاماوەی ئاژەڵ گواستراوەتەوە بۆ زبڵخانەی کانی قرژاڵە. هاوکات گوتیشی: رۆژانە لە هەولێر زیاتر لە دوو هەزار تۆن خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە.

عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، لە رۆژانی جەژنی قورباندا تیمەکانی شارەوانی هەولێر بەردەوام خەریکی خاوێنکردنەوەی زبڵ و خاشاک و پاشماوەی سەربڕینی ئاژەڵەکان بوون، هەروەها زیاتر لە شەش هەزار تۆن خاشاکی پاشاماوەی ئاژەڵ گواستراوەتەوە بۆ زبڵخانەی کانی قرژاڵە.

هەروەها راشیگەیاند، لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە زبڵ و خاشاکەکان ژێرخاك دەکرێن و بە خۆڵی خاوێن دادەپۆشرێن بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆس و نەخۆشی و پیسکردنی ژینگە.

باسی لەوەشکرد، لە رۆژانی جەژندا بەشێکی هاووڵاتیان پابەند نەبوون بە فڕێدانی زبڵەکانیان بۆ ئەو شوێنە تایبەتانەی کە لە شارەوانی بۆیان دیاریکرابوو، لە هەمانکاتدا زۆرینە پابەندبوون بە رێنمایەکانی شارەوانی بوونە هۆکاری پاکڕاگرتنی ژینگەی هەولێر.

سەرۆکی شارەوانی هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، بە شێوەکی تەندروست خۆڵ و خاشاک لە هەولێر چارەسەر دەکرێت، هەروەها رۆژ بە رۆژ هاووڵاتییان رۆشنبیری ژینگە پارێزییان زیاتر دەبێت.

لەبارەی دامەزراندنی کارگەیەکی تایبەت بە ریسایکلین، عەبدولواحید ئەحمەد، گوتی: "تا ئیستا لە هەولیر کارگەی تایبەت بە ریسایکلینمان نییە، بۆ ئەوەی دووبارە سود لە زبڵ و خاشاک وەربگرینەوە، بەڵام حکومەت لە هەوڵدایە ئەو کارگەیە دابمەزرێنیت لە ئایندەکی نزیکدا".

گوتیشی: رۆژانە لە هەولێر زیاتر لە دوو هەزار تۆن خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە، هەروەها پاشماوەی پزیشکی لەگەڵ پاشماوەکانی دیکە تێکەڵ ناکرێت بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی.

لەبارەی ژمارەی کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە شاری هەولێر، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، "لە سنووری شاری هەولێر شەش کۆماپانیامان هەیە ئەو کارە دەکەن و دابەشکراون بۆ چەند زۆنێک بە پێی بەرێوەبەرایەتی شارەوانییەکان".

ئەمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، تەنیا لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێردا لە ماوەی چوار رۆژی جەژنی قورباندا، شەش هەزار و 360 تۆن پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی و خۆڵ و خاشاکی ماڵان کۆکراوەتەوە و چارەسەر کراوە.

بە گوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، تایبەت بە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی ماڵان و پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی بۆ هەر چوار رۆژی جەژنی قوربان، لەو چوار رۆژەدا تەنیا لە سەنتەری شاری هەولێر 560 تۆن پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی کۆ کرایەوە و شوێنەکانیش خاوێن کرایەوە.

سەبارەت بە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی ماڵانیش، زیاتر لە پێنج هەزار و 800 تۆن کۆ کراوەتەوە و دواتر پاشماوە و خۆڵ و خاشاکی کۆکراوە بۆ شوێنی تایبەت گواستراوەتەوە و چارەسەر کراوە.

لەو هەڵمەتەدا بە سەدان ئامێر و کرێکاری شارەوانی بەشدارییان کردووە و پرۆسەی خاوێنکردنەوەش بەردەوامە.

پێشتریش ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، ئەمساڵ لە شاری هەولێر لە 35 شوێن تەنەکەی خۆڵی گەورە دانراوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان پاشماوەی قوربانی تێدا فڕێبدەن تەنەکەی خۆڵەکان گەورەن و رێنمایی ژینگەییان لەسەرە.

هاوکات راشیگەیاند، 13 ژمارە تەلەفۆنیان بڵاوکردووە بۆ ئەوەی پەیوەندییان پێوەبکرێت و رێنمایی بە هاووڵاتییان بدەن.

پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد لەماوەی چوار رۆژی جەژندا، 143 هەزار و 921 گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە و لە گۆشتگەى هاوچەرخى هەولێر، لەو چوار رۆژەدا هەزار و 872 ئاژەڵ کراونەتە قوربانى.