هیوا نەسرەدین: خانەنشینکردنی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم بەپێی یاسای چاکسازی دەکرێت

هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، رایدەگەیەنێت، ئەو پەرلەمانتارە نوێیانەی کە هاتنە شوێنی هەندێک لە پەرلەمانتاران کە دەستیان لەکار کێشاوە، بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی خانەنشینی نایانگرێتەوە. هاوکات دەشڵێت: خانەنشینکردنی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم بە پێی یاسای چاکسازی دەکرێت.

هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ـی کوردستان24، رایگەیاند، لە کۆی 111 پەرلەمانتار، حەوت پەرلەمانتار مووچەی خانەنشینی پەرلەمانیان رەتکردووەتەوە.

هەروەها راشیگەیاند، کەمترین مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتار لەم خولە ملیۆنێک و 800 هەزار دەبێت.

جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ،ئاماژەی بەوەدا، خانەنشینکردنی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم بە پێی یاسای چاکسازی دەکرێت، هەروەها بە پیێ یاسای چاکسازی لە خولی نوێی پەرلەمان خولی داهاتوو، هەر پەرلەمانتارێک تەمەنی لە 45 ساڵ کەمتر بێت مووچەی خانەنشینی نایگرێتەوە.

گوتیشی: بەڵام ئەوانەی لە خوڵی پێنجەم خانەنشینبوون کە تەمەنی یاساییان لە خوار 45 ساڵێس بێت مووچەی خانەنشینی دەیانگرێتەوە.

لەبارەی دانیشتنەکان و کار و پڕۆژەکانی ئەم خولەی پەرلەمان، هیوا نەسرەدین، گوتی: "لەم خولەی پەرلەمان 111 دانیشتنی پەرلەمان گرێدراوە و 19 لیژنەی هەمیشەییشمان هەبووە و نزیکەی هەزار و 115 کۆبوونەوەمان گرێداوە".

گوتیشی: "نزیکەی 425 کاتژمێر کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بەڕێوەچوونە و 48 پڕۆژە یاسا پێشکەش کراوە".