ئەندامێکی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا: ناتوانین چی دیکە لێشاوی کۆچبەران لەخۆبگرین

"ئەردۆغان کۆچبەران وەک چەک بەرامبەر ئەوروپا بەکاردەهێنێت"
رۆب رووس، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا
رۆب رووس، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا

K24 - واشنتن:

ئەندامێکی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت، وڵاتانی ئەوروپا چی دیکە ناتوانن ئەو لێشاوەی پەنابەران لەخۆ بگرن کە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە روو لە ئەوروپا دەکەن. دەشڵێت: سەرۆککۆماری تورکیا کۆچبەران وەک چەکێک بەرامبەر یەکێتی ئەوروپا بەکاردەهێنێت.

رۆب رووس، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا کە هاوکات ئەندامی پارتی (JA21)ی هۆڵەندییە، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێک لە واشنتن، بە کوردستان 24ی گوت: "پەنابەران ئەو کەسانەن کە بەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕێن، من گلەیی لەوان ناکەم، رەنگە ئەگەر منیش یەکێک بام لەوان، هەمان شتم دەکرد، من گلەیی لە حکومەتەکانمان دەکەم کە ئەم دیاردەیە راناگرن".

ئەو ئەندام پەرلەمانەی یەکێتیی ئەوروپا پێیوایە، بۆئەوەی رێگری لە چوونی ئەو ژمارە زۆری پەنابەران بۆ ئەوروپا بکرێت، دەبێت دۆخی ئەو وڵاتانەی سەرچاوەی پەنابەرانن خۆشگوزەران و سەقامگیر بکرێت، ئەوەش پێویستی بە چارەسەرێکی درێژخایەن هەیە.

دەربارەی  رێککەوتنەکانیان لەگەڵ تورکیا لەبارەی کۆچبەران، رۆب رووس رایگەیاند، "زۆر کەس کە گوایە پێیان دەگوترێت پەناخواز لە تورکیان، یەکێتی ئەوروپا پارەیەکی زۆر بۆ ئەم مەبەستە تەرخان دەکات".

رووس پێشیوایە تورکیا هاوکار و هاوئاهەنگ نییە لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، چونکە هەر وەک ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئەوروپا دەڵێت: "هەرکاتێ ئەردۆغان لە بارودۆخێکی باشدا نەبێت، پەنابەران وەک چەک بەکاردەهێنێت و دەست دەکات بە ناردنی پەنابەران بۆ ئەوروپا و گوشاریش لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات ئەگەر وەڵامی داواکارییەکانمان نەدەنەوە رێگە بۆ پەناخوازان دەکەینەوە بێنە کیشوەرەکەتان".