یەکەم کاروانی حاجییان بەرەو هەرێمی کوردستان بە رێدەکەون

K24 – هەولێر

دوای جێبەجێکردنی فەریزەی حەج، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان لە سعوودیەوە بە رێگەی وشکانی بەرەو هەرێمی کوردستان بە رێکەوت.

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "یەکەم کاروانی حاجییانی کوردستان بە رێگەی وشکانی لە مەککەی پیرۆزەوە بەرەو مەدینەی منەوەرە و لەوێشەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەڕێ دەکەون.

کاروان ستوونی، بەڕێوەنەری راگەیاندنی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە بە کوردستان24ی گوت: "لەو کاروانەی حاجییانی هەرێمی کوردستان کە بەڕێگەی وشکانی چوونەتە سعوویە، ئەمڕۆ 344 حاجی بەرەوە هەرێمی کوردستان بەڕێدەکەون و 5ی ئەم مانگە دەگەنەوە خاکی کوردستان، ئەوانی تر بەهۆی مامەڵەی ئەو حاجیانەی لەوێ کۆچی دواییان کردووە، ئەمڕۆ ناگەڕێنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان چەند لیژنەیەکیان هەیە لە هەموو شوێنێک چاودێریان دەکەن تا دەگەنەوە هەرێمی کوردستان.

کاروان ستوونی، گوتیشی: "بەپێی ئەو خشتەی دانراوە، بۆ 11ی ئەم مانگە هەموو حاجییانی هەرێمی کوردستان دەگەنەوە خاکی نیشتمان".

بەگوێرەی داتاکان ئەمساڵ 37 هەزار هاووڵاتی لە عێراق  بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج چوونەتە سعوودیە، لەو ژمارەیە چوار هەزار و 685 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانن. لەو ژمارەدا ئەمساڵ چوار حاجی هەرێمی کوردستان لە مەککە کۆچی دواییان کردووە.

لە 10ی حوزەیرانی 2023 یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی وشکانی گەیشتە ناو خاکی سعوودیە دوو رۆژ دواتریش لە 12/6/2023، کاروانی یەکەمی حاجییانی کوردستان بە رێگەی ئاسمانی گەیشتە مەککەی پیرۆز.