ئۆکرانیا: رووسیا لە هەرێمی دۆنێتسک پێشڕەوی کردووە

تانکێکی سوپای ئۆکرانیا لە هەرێمی دۆنێتسک | وێنە: AFP
تانکێکی سوپای ئۆکرانیا لە هەرێمی دۆنێتسک | وێنە: AFP

K24 - هەولێر

دوای نزیکەی دوو هەفتە، پێکدادانی توند لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە هەرێمی دۆنێتسک و زاپۆریژیا دەستیانپێکردەوە و وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیاش دان بە پێشڕەوی رووسیا لەچەند شوێنێک دەنێت.

رۆژی یەکشەممە 2ـی تەممووزی 2023، هانا مالیار جێگری، وەزیری بەرگری ئۆکرانیا لە راگەیەندراوێکدا کە لە کەناڵی تێلێگرامی وەزارەتەکە بڵاوکرابووەوە، ئاماژەی بەوە دا، دۆخی جەنگ لەگەڵ رووسیا لەسەرجەم بەرەکان قورس و ئاڵۆزە، لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا شەڕێکی سەخت ئەنجامدەدرێت و سوپای رووسیا توانیویەتی لە هەردوو ناوچەی میدڤیڤکا و مانیکای دۆنێتسک پێشڕەوی بکات.

وەکو ئەوەی جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا باسی دەکات، "سوپای رووسیا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەستیان بە چالاکی کردووە" و لەو سنوورە شەڕێکی قورس ئەنجامدەدرێت.

هاوکات، ڤالێری زالۆجنی فەرماندەی گشتی هێزەکانی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا، سەرباری قورسی جەنگ، بەڵام لە نزیکی باخموت توانیویانە سوپای رووسیا ناچار بە پاشەکشەبکەن.

بەپێی راپۆرتی وەزارەتی بەرگری رووسیا، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا نزیکەی 40 جار پێکدادان لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە ناوچەکانی زاپۆریژیا و دۆنێتسک و بەشی چەپی رووباری دینپرۆ روویداوە.

لەبەرامبەردا، دیمیرتی مێدڤێدڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی رووسیا باسی لەوەکرد، ئەوەی لە ئۆکرانیا دەگوزەرێت تەنها ململانێیەکی هەرێمایەتی نییە، بەڵکو رووبەڕووبوونەوەی رۆژئاوایە لەگەڵ رووسیا، مۆسکۆش سوورە لەسەر پاراستنی خاک و نیشتیمان و هاووڵاتییەکانی.