بوومەلەرزە لە پارێزگایەکی عێراق روویدا

بوومەلەرزە
بوومەلەرزە

K24 - هەولێر

بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.3 پلەی رێختەر لە پارێزگای میسان، باشووری رۆژهەڵاتی عێراقی روویدا و وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیش دەڵێت، هاووڵاتییان هەستیان پێکردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، بەیانی ئەمڕۆ روودانی بوومەلەزرەیەک بەگوڕی 4.3 پلەی رێختەر لە پارێزگای میسان تۆمار کراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، چەقی بوومەلەرزەکە لە قەزای عەلی غەربی بووە بە دووری 40 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای شاری عەمارەی سەنتەری پارێزگاکە.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی پێ دراوە، ھاووڵاتییانی سنووری ئەو پارێزگایە ھەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە.

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بوومەلەرزەکە ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەتووەتەوە.

روودانی ئەم بوومەلەرزەیە لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی حوزەیرانی 2023، کاتژمێر 09:45 خولەک بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلەی رێختەر لە سنووری پارێزگای دهۆکی روویدا و چەقی بوومەلەرزەکە لە قەزای ئامێدی بوو.