پاپای ڤاتیکان: رێگەدان بە سووتاندنی قورئان جێگەی قبوڵکردن نییە

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان

K24 - هەولێر:

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان سووتاندنی قورئان لە سوید سەرکۆنە دەکات و دەشڵێت: رێگەدان بەم کارە جێگەی قبوڵکردن نییە.

پاپای ڤاتیکان لە هەڤپەیڤنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی 'ئیتیحاد'ـی ئیماراتی، سەبارەت بە سووتاندنی قورئان لەلایەن پەنابەرێكی عێراقییەوە لە سوید، رایگەیاند، هەرگیز نابێت ئازادی رادەربڕین بکرێتە بیانوو بۆ سووکایەتیکردن بە کەسانی دیکە.

پاپا فرانسیس گوتیشی: هەر کتێبێک لەلایەن باوەڕدارانییەوە بە پیرۆز سەیر بکرێت، دەبێت رێزی لێبگیرێت.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەی ئیتیحاد سەبارەت بەوەی هەستی چۆنە بەرانبەر بە سووتاندنی قورئان، پاپای ڤاتیکان دەڵێت: من لەم ڕەفتارە توڕە و بێزارم.

پاپا فرانسیس لەو هەڤپەڤینەدا باسی لەوەشکرد، ئێمە دەتوانین بەرەنگاریی رق و کینە، حوکمدانی پێشوەختە و نادادپەروەری ببینەوە، ئەمەش تەنیا بە هەڵبژاردنی رێگای خۆشەویستی، لێبوردەیی، دادپەروەری و دیالۆگ.

رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بەناوى (سەلوان مۆمیکا) لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم، کۆپییەکی "قورئانی پیرۆز"ی سووتاند.

سووتاندنی ئەو کۆپییەی قورئان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.

دوای ئەو رووداوە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 29ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی سوێدی لە بەغدا بانگهێشتکرد و "نامەیەکی تووندی ناڕەزایەتی" پێدا بەهۆی "مۆڵەتدانی دەسەڵاتدارانی شاری ستۆکهۆڵم بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن ئەو پەنابەرە عێراقییەوە."

هەڵوێستەکەی ئەو پەنابەرە عێراقیە، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی تووندی بەدوادا هات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوید بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینیەوە، بەڵام لە عێراق تووندترین هەڵوێست روویدا و خۆپیشاندەران ئێوارەی پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا.