یەمەنییەکان ساڵانە رۆژێک تایبەت دەکەن بە هونەر و میوزیکی وڵاتەکەیان

هەر ناوچەیەکی یەمەن تایبەتمەندی خۆی لە میوزیک و گۆرانی هەیە
kurdistan24.net

K24 - تەعز

لە گۆرانی یەمەنیدا چەندایەتییەكی فراوان هەیە، چونكە ھەرناوچەیەك تایبەتمەندێتی خۆی ھەیە، سەنعانی، ئەلتیھامی  و تەعزیی، لە جۆرەكانی گۆرانی یەمەنین، میوزیكی یەمەنیش تایبەتمەندی خۆی ھەیە و لە میوزیكی خۆرئاوایی و ھونەری وڵاتانی دیكەی عەرەبیش جیاوازە، یەمەنییەكان ساڵانە بۆ زیندوو راگرتنی كەلەپووری ھونەر و میوزیكی خۆیان رۆژێكیان تایبەت كردووە.

ساڵانێکی زۆرە، گەنجەکانی یەمەن خۆڕسکانە گۆرانی و میوزیکی یەمەنی دەڵێتەوە، ئیتر ئێستا بووە بە هونەرمەندێکی دیار کە دەتوانێت بە جوانی ئاوازەکان بژەنێت.

عاکف ئەلسەلاحی، یەکێکە لە موزیکژەنەکان دەڵێت: "لە ماڵەوە خۆمم فێرکرد، لە رێگەی یوتۆبەوە، ساڵ و نیوێکە خەریکم، و ئیتر دەستم بە ژەنینی ئامێرەکان کردووە، هونەری گۆرانی و مۆسیقای یەمەنی هەمەچەشنە، لە هەر پارێزگایەکدا میلۆدی تایبەتی خۆمان هەیە".

گۆرانی یەمەنی چەندایەتییەکی زۆری هەیە، قووڵ و مێژووییە، بۆ پاراستنی ئەو کەلەپوورە، ماوەیەکە هەوڵێک بۆ بەرزراگرتنی و زیاتر ناساندنی هەیە و زۆر میلۆدی یەمەنی لە سەر شانۆ بەناوبانگەکانی ئۆرکسترای وڵاتانی عەرەبیدا پێشکەش کراون، لەناوخۆی یەمەنیشدا لە زۆربەی وەرزەکاندا ئاهەنگ رێک دەخرێت، بۆ ئەوەی نەوەکانی ئێستا ئاگایان لە کەلەپووری خۆیان بێت و جوانییەکەی لەبیر نەکەن.

عەبدولخاڵق سەیف، بەڕێوبەری نووسینگەی وەزارەتی رۆشنبیری یەمەن لە شاری تەعز بە کوردستان24ی گوت:   "گۆرانی سەنعانی زۆر تایبەتە، چونکە شوناس و تاموچێژێکی خۆرئاوایی هەیە، تێکەڵە بە مەقامە خۆرهەڵاتییەکانی وەکو راست و حیجاز، کە سەنعانییەکان دەیڵێنەوە دەبێتە حیجازی یەمەنی، زۆر تایبەتەو مرۆڤ عاشقی دەبێت".

زۆرێک لە یەمەنییەکان حەزیان لە ئاهەنگی گۆرانی و مۆسیقایە، بەتایبەتی لە ساڵڕۆژی تایبەت بە گۆرانی یەمەنی، کە هەموو ساڵێک لە یەکی تەمموزدا بەڕێوەدەچێت.

سەرباری رەوشی جەنگێکی وێرانکار، کەچی ئەو هونەرمەندانە ئاهەنگی تایبەت بۆ هونەری یەمەنی سازدەکەن، و دەست بە کەلەپوری خۆیانەوە دەگرن، بێجگە لەوانەش، بۆ ئەوان دەرفەتێکە تا بۆ ماوەیەک لەو رەوشە خراپە دەربازبن کە نۆساڵە جەنگی یەمەن خوڵقاندویەتی.