رووسیا بە رفاندنی منداڵان لە ناوچەکانی ڵوهانسک و دۆنێتسک تۆمەتبار دەکرێت

منداڵێکی ئۆکرانی
منداڵێکی ئۆکرانی

K24 - هەولێر

 گریگۆری کاراسین، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەنجوومەنی فیدراسیۆن لە پەرلەمانی رووسیا رایگەیاند، 700 هەزار منداڵی ئۆکرانیا لە رووسیان کە لە ناوچە جێناکۆکەکانی ئەو وڵاتەوە هاتوون.

گریگۆری کاراسین لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، ئیدارەی کیێڤ هەوڵدەدات سەبارەت بە منداڵان "کێشە دروست بکات".

گریگۆری کاراسین، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەنجوومەنی فیدراسیۆن لە پەرلەمانی رووسیا رایگەیاند، "رووسیا بە پێچەوانەی هەندێک وڵاتی ئەوروپا، بەوردی و گەرموگوڕییەوە مامەڵە لەگەڵ منداڵان دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو: "لە ساڵانی رابردوودا 700 هەزار منداڵ کە لە ناوچە جێناکۆکەکان لە ئۆکرانیاوە هەڵاتوون، پەنایان بۆ وڵاتەکەمان بردووە. زۆریان لەگەڵ خێزانەکاندا دەژین، بەشێکیشیان لە خانەی بێنەوایاندان".

ئۆکرانیا هێزەکانی رووسیا تۆمەتبار دەکات بە رفاندنی منداڵانی ئۆکرانی لە ناوچەکانی ڵوهانسک و دۆنێتسک.

بەپێی پۆرتاڵی وەزارەتی کاتیی یەکخستنەوەی خاکە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا کە بە مەبەستی دۆزینەوە و رزگارکردنی منداڵان دامەزراوە، لە 24ی شوباتی 2022ەوە کە جەنگ دەستی پێ کردووە، 19 هەزار و 492 منداڵی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی نایاسایی براونەتە دەرەوەی سنوورەکانی ئۆکرانیا.