کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق: ناوەندەکانی تۆماری دەنگدەران دەکرێنەوە

K24 - هەولێر:

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، بەمزووانە پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەستپێدەکات و ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیاردراوە، ناوندەکانی تۆمارکردنی دەنگدەران لەسەرتاسەری عێراق بکرێنەوە.

لەمبارەیەوە جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا به‌ ئاژانسی فه‌رمی عێراقی راگه‌یاندووه‌، بەمزووانە پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 15 پارێزگای عێراق دەستپێدەکات، بەڵام پارێزگاکانی ھەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، چونکە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ھەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.

راشیگەیاندووە "ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەربە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بریاریداوە، ناوەندەکانی تۆمارکردنی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە سەرتاسەری عێراق بە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانیشەوە بکرێنەوە، بەڵام بە مەرجێک گواستنەوە و گۆڕانکاری لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان نەبێت، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی گواستنەوە لەناو یەک پارێزگا لەنێوان سێ پارێزگاکەی ھەرێم، سنووردار بکرێت".

باسی لەوەش کردووە کە پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، ئەو دەنگدەرانە دەگرێتەوە کە لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا، مافی دەنگدانیان ھەیە و تا ئێستا تۆمار نەکراون و گوتیشی: "ئەو دەنگدەرانەی کە کارتی دەنگدانیان ھەیە و وێنەی لەسەرە، پێویست ناکات سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردن بکەن، بەڵکو تەنھا ئەو دەنگدەرانە دەتوانن سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردن بکەن کە کارتی دەنگدانیان نییە".

رۆژی یەکی ئەم مانگە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کە دەرگای تۆمارکردنی ئەو ھاوپەیمانیی و پارتانەی کە دەیانەوێت بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن، کردووەتەوە کە تاکو 30ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

رۆژی 20ی مانگی حوەزیرانی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەمیانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵی، وەک رۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دیارکرد.

پێشتر ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، عیماد جەمیل رایگەیاندبوو، کە 23 ملیۆن و 367 ھەزار و 81 کەس لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، مافی دەنگدانیان ھەیە.

ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق، ماوەی 10 ساڵە ئەنجام نەدراوە.

دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵی 2013دا ئەنجامدرا و لە ساڵی 2019دا، بە بڕیاری په‌رله‌مانی عێراق کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان سڕکرا.