رۆزی یەحیا: لە رێگەی کورتەنامەکەی سەرۆکوەزیرانەوە دڵنیابوومەوە کە لە یەکەمەکانم

رۆزی یەحیا، یەکەمی سەر بەشی زانستی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان
رۆزی یەحیا، یەکەمی سەر بەشی زانستی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان

K24 – سلێمانی:

قوتابییەکی یەکەمی سەر بەشی زانستی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، لە ریگەی کورتەنامەی سەرۆکوەزیران دڵنایبوومەوە کە لە قوتابییە یەکەمەکانم و نمری بەرزم بەدەست هێناوە.

رۆزی یەحیا، قوتابییەکی یەکەمی سەر بەشی زانستی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند،" پێشبینیم دەکرد کە نمرەی بەرز بەدەست بهێنێت، بەڵام کاتێک نامەکەی سەرۆکوەزیرانم بۆهات دڵنیابوومەوە کە لە قوتابییە یەکەمەکانم".

لەبارەی چۆنیەتی خوێندنی بۆ پۆلی 12، ئەو قوتابیە یەکەمەی سەر ئاستی هەرێم، گوتی: "لە هاوینی پارساڵدا دەستم بە خوێندن کرد، هەروەها کاتی قوتابخانە رۆژانە چوار بۆ پێنج کاتژمێر دەمخوێند، بەڵام کاتێک مۆڵەت درام بۆ خوێندن رۆژانە نۆ کاتژمێر بۆ دە کاتژمیر دەمخوێند".

گوتیشی: "بە تانیا لە ژووری خۆمدا وانەکانم دەخوێند و مامۆستاکانی قوتابخانەش زۆر هاوکاربوون لەوەی بگەم بەو ئاستە، هەروەها  ئامانجم ئەوەیە لە داهاتوودا لەو بوارە کار بکەم کە خۆمی تێدا بدۆزمەوە".

هاوکات، باوکی رۆزی بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆزی ژیانی خۆی بۆ خوێندن تەرخانکردبوو، شەوان زوو دەخەوت و بەیانیان زوو هەڵدەستا بۆ ئەوەی بخوێنێت.

هەروەها راشیگەیاند، "رۆزی خۆی یەکلایکردبووەوە بۆ ئەوەی باش بخوێنێت و نمری باش بەدەست بهێنێت ئەمە پلانی خۆی بوو، پلانی ئێمەش ئەوەبوو تەنیا هاوکاری بووین".

ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە گشت لقەکانییەوە راگەیاند و ناوی یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی سەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش ئاشکراکرا.