35 کەس لە کەمپی هۆل دەگەڕێندرێنەوە فەرەنسا

کەمپی هۆل - ئەرشیف
کەمپی هۆل - ئەرشیف

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا گەڕاندنەوەی 35 کەسی بە رەگەز فەرەنسی لە کەمپی هۆل راگەیاند.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بڵاویکردەوە، لە چوارەم ئۆپەراسیۆنی هاوشێوەدا توانیویانە 10 ژن و 25 منداڵ-ی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلی باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ فەرەنسا بگێڕنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، منداڵەکان رادەستی یەکەکانی تایبەت بەچاودێری منداڵان کراون و لەژێر چاودێریدا دەبن، بەڵام ژنەکان رادەستی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن و رێکاری پێویستیان لەگەڵ دەگیرێتەبەر.

کەمپی هۆڵ دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 50 هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی تێدایە و بەشێکی زۆر لەو ژن و منداڵانەی لەناو کەمپەکەدان خەڵکی وڵاتانی رۆژئاوان.