ئاژەڵدارێک: ئه‌مساڵ نرخی كا چوار هێنده‌ دابه‌زیوه‌

بارانبارینی ئه‌مساڵ كاریگه‌ری باشی له‌سه‌ر دەغڵودان و له‌وه‌ڕگه‌كان هه‌بووه‌

K24 - رانیە

بەھۆی بارانبارینی زۆر و باشی دەغڵودانی جووتیاران، ئەمساڵ قەسەڵ و کا و لەوەڕگاکان زۆر باش بوون، ئاژەڵداران لە دابینکردنی خۆراکی زستانە بۆ ئاژەڵەکانیان بێ خەم بوون، ئاژەڵدارێک دەڵێت: ئەو کەسانەی ساڵی رابردوو کایەکی زۆریان کڕی و ھەڵیان گرت تاکو ئەم ساڵ بە نرخێکی زۆر بیفرۆشن، ئێستا کایەکە لە کۆگاکان ماوەتەوە و کەس لێیان ناکڕێ و نرخیشی چوار ھێندە دابەزیوە.

ئەمساڵ زۆری کا و باشی پاوان و لەوەڕگاکان وایکردووە ئاژەڵداران ئاژەڵی زیاتر بکڕن، لەکاتێکدا دوو ساڵی رابردوو بەھۆی بێ بارانی بەشێک لە ئاژەڵەکانیان فرۆشت.

ئەسمەر عەبدوڵڵا، ئاژەڵدارێکی دەڤەری راپەڕینە و دەڵێ: "ساڵی رابردوو کا نەبوو، زۆر دەگەڕاین تا وەدەستمان دەکەوت، بەڵام ئەمساڵ زۆرە و نرخیشی زۆر هەرزانترە لە ساڵی رابردوو".

بەھۆی گرانی و کەمی کاو لەوەرگا ، دوو ساڵی رابردوو ئاژەڵداران بەشێکی زۆری ئاژەڵرکانیان فرۆشت ، ئەم ساڵ دەستیان بە کڕینەوەکردووە .

ئەو کەسانەی مامەڵە بە قەسەڵ کاوە دەکەن دەڵێن: بەراورد بە ساڵی رابردوو ، نرخی کا بۆ چوار ھێندەی نرخی خۆی دابەزیووە.

جووتیارێکی دەڤەری راپەڕین بەناوی نەبەز بایز، دەڵێت: "ئەمساڵ بارانبارین زۆر باش بووە، قەسەڵ و کاش زۆر باشە، بۆیە کا پارەی ناکات، پار لێرە عەرەبانەی کا بە 250 ھەزار دەمفرۆشت، ئەمساڵ 50 ھەزاریش ناکات، ئێستا ئەگەر 50 ھەزاری بکات دەیفرۆشم".

لە مەیدانی ئاژەڵان باس باسی ئەو کەسانەیە کە ساڵی رابردوو نرخی کایان لەسەر ئاژەڵداران گران کرد، بەوەی کایەکی زۆریان کڕی و ھەڵیان گرت تاکو ئەمساڵ بە نرخێکی گران بیفرۆشن، بەڵام پێچەوانەی پێشبینی و خواستی ئەوان ئەمساڵ نرخی کا زۆر دابەزیوە.