رووسیا: پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان لە نزیک مۆسکۆ خستە خوارەوە

مۆسکۆی پایتەختی رووسیا
مۆسکۆی پایتەختی رووسیا

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایدەگەیەنێت، بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەیانی ئەمڕۆ پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە نزیک مۆسکۆی پایتەخت خستووەتە خوارەوە. سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆش دەڵێت، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، بەیانی ئەمڕۆ سیستمی بەرگریی رووسیا "کردەیەکی تیرۆریستی" ئۆکرانیایان پووچەڵکردووەتەوە و  پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانییان لە ناوچەکانی نزیک لە مۆسکۆی پایتەخت خستووەتە خوارەوە.

لای خۆیەوە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رووداوەکەی سەرکۆنە کرد  و بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، ئۆکرانیا بەنیازبوو بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ناوچەیەک کە "دامەزراوەی ژێرخانی مەدەنی و فڕۆکەخانەی لێیە" بکاتە ئامانج.

هاوکات ئاژانسی "تاس"ـی رووسی لەبارەی رووداوەکە بڵاویکردووەتەوە، بەرگریی ئاسمانی رووسیا یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە ناوچەی 'کاڵوگا' کە 190 کیلۆمەتر لە ناوەندیی شاری مۆسکۆ دوورە، خستووەتە خوارەوە. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشکە بووەتە هۆی ئەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی فنوکۆڤۆ، کە لە شاری مۆسکۆ نزیکە، بۆ ماوەیەک رابگیرێن. 

ئاژانسەکە ئاشکراینەکردووە، فڕۆکەکان لە چ شوێنێکەوە و لەلایەن کامە لایەنەوە ئاراستەی مۆسکۆی پایتەخت کراون و لەبارەی زیانەکانیشەوە دەڵێت، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەوە.

سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر مۆسکۆی پایتەخت، تیمە فریاگوزارییەکان لە شوێنی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکانن و هیچ هاووڵاتییەک بەهۆی رووداوەکەوە بریندار نەبووە.

ئەم هێرشە بۆ سەر مۆسکۆی پایتەخت لە کاتێکدایە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا لە مانگی شوباتی ساڵی 2022؛ چەندین جار شارە جیاجاکانی رووسیا لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە کراونەتە ئامانج و لەماوەی چەند مانگی رابردووشدا ئەو جۆرە هێرشانە زیادیان کردووە.

رۆژی 30ـی ئایاری 2023، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر مۆسکۆ و سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ لەوبارەوەی رایگەیاندبوو، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنها زیانی بە چەند باڵەخانەیەک گەیاندووە.

پێشتریش رۆژی دووشەممە 29ـی ئایاری 2023 رووسیا ژمارەیەک مووشەکی ئاڕاستەی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا کرد. رۆژی دواتر (سێشەممە)، وەزارەتی بەرگریی ئۆکرنیا رایگەیاند، لە سنووری ئاسمانیی کیێڤ، لە کۆی 31 درۆن کە لەلایەن رووسیاوە ئاراستەی شارەکە کرابوون، 29 درۆنیان خستووەتە خوارەوە.

سەرەتای مانگی ئایار، دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەسەر کۆشکی کریملین تەقێندرانەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی گەورە بوو لە دەرچوونی پرووشکی ئاگری شەڕی ئۆکرانیا بۆ دەرەوەی وڵاتەکە. ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا کیێڤی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد و لە بەرامبەردا زیلینسکی تۆمەتەکانی رەتکردەوە.