سەربازێکی ئۆکرانیا: دەترسین سواری تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی بین

تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی
تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی

K24 - هەولێر

سەربازێکی ئۆکرانیا کە لە لایەن رووسیاوە دەستگیرکراوە، دەڵێت، سەربازانی ئۆکرانیا دەترسن سواری تانکەکانی رۆژئاوا ببن، چونکە لە لایەن رووسەکانەوە بەتایبەت دەکرێنە ئامانج. 

ئەندرێی پریخۆدکۆ، ئەندامی کەتیبەی "کراکن"ی ئۆکرانیا کە لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە دەستگیرکراوە، رایگەیاند، سوپای ئۆکرانیا لە سواربوونی تانکی بیانی دەترسێت، بەتایبەت تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی.

پریخۆدکۆ ئاماژەی بەوەشدا، هۆکاری ئەم ترسەی سەربازانی ئۆکرانیا ئەوەیە، کە باوەڕیان وایە کە سەربازانی رووسیا بە تایبەتی هەوڵی بە ئامانج گرتنی تانک و کەلوپەلەکانی رۆژئاوا دەدات کە لەلایەن رۆژئاواوە بۆ ئۆکرانیا دابینکراون.

ئەو زیندانیە ئۆکرانیا دەشڵێت: جارێک بینیم کە سەربازانی تانکەکان چۆن لە ترسان دەلەرزن کاتێک چوونەتە ناو تانکێکی لیۆپاردەوە، چونکە هەر کە ئەم تانکە لە بەرەکانی شەڕ دەرکەوت، هەموو رووسەکان بە هەموو چەکەکانەوە ئەو تانکانە دەکەنە ئامانج.

پریخۆدکۆ، پێی وایە وەرزی بەئامانج گرتنی کەرەستە سەربازییەکانی رۆژئاوا لەنێو سوپای رووسیادا دەستیپێکردووە.

سەربازە ئۆکرانیەکە جەختی کردەوە، "بینیمان هەموو شتێک دەفڕێت، فڕینەکەش بەرەو یەک ئامانجە، ئەویش، بە ئاراستەی جوڵەی تانکەکانی لیۆپاردی ئەڵمانیە".

رۆژی دووشەممەی رابردوو، بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەیان تانکی لیۆپارد لە ئەڵمانیا و دانیمارکەوە دەگەنە ئۆکرانیا.

پێشتر سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری رووسیا رایگەیاندبوو، لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا سیستەمی بەرگری ئاسمانی رووسیا 158 مووشەکی هیمارس و 25 مووشەکی ستۆرم سێبەر و 386 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی خستووەتە خوارەوە.

بە وتەی ناوبراو، لە ماوەی یەک مانگدا، هێزە چەکدارەکانی رووسیا لە ناوچەی دۆنباس و زاپۆرۆژیا، 920 تانک و زرێپۆشیان تێکشکاندووە کە 16 تانکی لیۆپارد و 15 فڕۆکە و سێ هێلیکۆپتەریان تێدایە.