شەپۆلێکی گەرما روو لە هەرێمی کوردستان دەکات

گەرما
گەرما

K24 – هەولێر

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی گەرما روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و چەند رۆژێک دەخایەنێت.

بەشی پێشبینی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن راپۆرتێکی لەبارەی کەشوهەوای رۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما لە ماوەى رۆژانى چوارشەممە و پێنجشەممە و هەینى بە 2 تا 4 پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە. لە سەنتەرى پارێزگاکان لە سەرووى 41 پلەى سیلیزى و لە ئیدارەى گەرمیان لە سەرووى 44 پلەى سیلیزى دەبێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکان لەنێوان (36-40) پلەى و لە ناوچەسنوورییەکان لەنێوان (28-32) پلەى سیلیزى دەبێت.

کەشناسی راشیگەیاندووە، کاریگەرى قوڵ بوونەوەى نزمە پاڵەپەستۆى وەرزى گەرمى کاریگەرییەکەى تا رۆژى شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت پاشان پلەکانى گەرما نزم دەبێتەوە بە (2-3) پلەى سیلیزى کاریگەرى ئەم شەپۆڵە کۆتایى دێت.

دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بە کوردستان24ی گوت: "ئەو شەپۆلەی گەرمایە تۆز و خۆڵی لەگەڵ نابێت و ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە گشتی ساماڵ دەبێت".

گوتیشی: "رێنمایی هاووڵاتییان دەکەین لە کاتەکانی نیوەڕۆ تا عەسر خۆیان لە بەرکەوتنی تیشکی خۆر بپارێزن، بەتایبەتی ئەوانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە".

دیلان رەشاد راشیگەیاند: "پێشبینی دەکەین لە دەڤەری گەرمیان و سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەرزترین پلەی گەرما بگاتە 48 پلەی سیلیزی، بەڵام بەو جۆرە نییە کە هۆشداری بدەینە لایەنە پەیوەندیدارەکان".