سێ دەریاچەی نوێ لە هەولێر دروستدەکرێن

دیمەنێکی شاری هەولێر
دیمەنێکی شاری هەولێر

K24 - هەولێر

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، سێ دەریاچەی نوێ لە هەولێر دروستدەکرێن و جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە، " کاریگەری زۆری لەسەر شارى ھەولێر دەبێت." هاوکات ئاماژە بەوەش دراوە، بڕیارەکە رەوانەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە. 

ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی تەممووزی 2023، راگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دروستکردنی "سێ دەریاچەی گەورە" لە هەولێر راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر پڕۆژەکە جێبەجێبکرێت، " کاریگەری زۆری لەسەر شارى ھەولێر دەبێت."

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر، پڕۆژەی دروستکردنی ئەو سێ دەریاچەیە؛ هەموو ئامادەکارییەکى بۆ کراوە و ڕەوانەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بەمەبەستی پێداچوونەوە و بڕیارلەسەردان. واش بڕیارە ئاوی پڕۆژەکە لە زێی گەورە یان لە ئاوی بەستۆڕە بۆی دابینبکرێت.

ئەندازیار رێبوار حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی ئاودێری پارێزگای هەولێر لەوبارەوە بە کوردستان24ـی گوت، پڕۆژەکە لە سێ دەریاچەی زۆر گەورە پێکدێت، ئەگەر وەکۆ خۆی جێبەجێبکرێت کاریگەریی لەسەر کەرتی گەشتوگوزار لە هەولێر دەبێت و هاوکات پلەکانی گەرماش لە شارەکە دادەبەزێنێت، چونکە سەوزاییەکی زۆری تێدایە و، بۆ پاراستنی ئاوی ژێر زەویش گرنگە. 

وەکو ئەوەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاودێری پارێزگای هەولێر باسی کرد، قەباری دەریاچەی یەکەم نزیکەی 800 دۆنمە، دەریاچەی دووەم نزیکەی 130 دۆنم و دەریاچەی سێیەمیش نزیکەی 110 دۆنمە و لە نێوان کۆمەڵگەی شاوێس و شەقامی 150 مەتری و 120 مەتریی هەولێر دروستدەکرێن. 

بەگوتەی رێبوار حەسەن، ساڵانێکە کار بۆ دروستکردنی ئەو سێ دەریاچەیە دەکرێت و لە بنەڕەتدا خاوەنی بیرۆکەی دروستکردنی ئەو پڕۆژەیە، سەرۆک بارزانییە، بەڵام ئەو کات بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانرا جێبەجێبکرێت. گوتیشی، دیزاینی سەرەتایی پڕۆژەکە تەواو بووە و هەموو ئامادەکارییەکی بۆ کراوە و چاوەڕێی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانن بۆ ئەوەی پەسەندی بکەن. 

لای خۆیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەوبارەوە لە راگەیەندراوێکدا، کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، بێجگە لە دروستکردنی ئەو سێ دەریاچەیە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە زیاتر لە 20 پۆند لە سنووری پارێزگاى ھەولێر دروست بکات. 21 پۆند بڕیاریان بۆ دەرچووە و حەوت پۆندی دیکەش پەسەندکراون و دەچنە بواری جێبەجێکردن.