تورکیا هۆشداری بە نەیارانی پەنابەرە سوورییەکانی وڵاتەکەی دەدات

K24 - هەولێر

داواکاری گشتی لە ئیستانبوڵ دەستی بە لێکۆڵینەوە لە بڵاوکراوەکان کردووە، کە کۆچبەران و بەتایبەت پەنابەرانی سووریا دەکەنە ئامانج و هۆشداری دەدات لە ئەگەری رێکخستنی ناڕەزایەتی هاوشێوەی ئەوەی لە ئێستادا لە فەرەنسا روودەدات.

لە هەمان کاتدا سەدان هاووڵاتی لە شاری کۆجائیلی نزیک ئیستانبوڵ رژانە سەر شەقامەکان، لە بەرامبەر ئەوەی گوایە سوورییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵێک و سەگەکەیان ژەهراویکردووە، کە خاوەنەکەی هاووڵاتییەکی تورکە.

داواکاری گشتی لە ئیستانبوڵ رایگەیاند، نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش کراوە بە ئامانجی دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کە ئەو هاندان و هەواڵی چەواشەکارانە لە دژی کۆچبەران و پەنابەران بڵاودەکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەنگۆ و هەواڵی چەواشەکارانە لە سۆشیال میدیا.

ئومیت ئۆزداگ سەرۆکی پارتی سەرکەوتن لەتورکیا، لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند: "مستەفا کەمال ئەتاتورک، گەلی تورکیای ئاگادارکردووەتەوە بەوەی لە کاتی بە کۆیلەکردندا نەخەون، گەلی تورکیا لە خەو هەڵدەستێت، بەڵام بە خێرایی نا".

لە لێدوانێکی بەشێک لە سیاسەتمەداران و رۆژنامەنووسانی ئۆپۆزسیۆن سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی ناڕەزایەتیی پەنابەران لە تورکیا هاوشێوەی ئەوەی لە فەرەنسا روودەدات، گوتەبێژی پارتی دەسەڵاتداری "دادپەروەری و گەشەپێدان"، عومەر چەلیک، رایگەیاند کە "بەراوردکردن بە فەرەنسا قبوڵ ناکرێت".

گوتیشی: بەراوردکردنی  رێگەی مرۆیی تورکیا لەسەر بنەمای ئەخلاق لەگەڵ سیاسەتی وڵاتانی دیکەی پڕ لە کۆلۆنیالیزم و توندوتیژی و رەگەزپەرستی و کارەساتی مرۆیی، ئیستفزازییە، ئەو پێی وابوو کە ئەم بەراوردکردنە بەهۆی "مەبەستی خراپەکارانە"ەوە بووە.

چەلیک رەخنەی لەو سیاسەتمەدار و رۆژنامەنووسانە گرت کە بانگەشە بۆ ئەو جۆرە هەواڵانە دەکەن و دەڵیت: ئەم کەسانە پەنابەران دەکەنە ئامانج و تاوانی ڕق و کینە ئەنجام دەدەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کێشە لە تورکیا دروست دەکەن کە کەشوهەوای ئاشتی لە سەرانسەری وڵاتدا هەیە تێکدەدات.

ئۆزداک وەڵامی چەلیکی دایەوەی جەختی لەوەکردەوە، زۆر ئاسانە بۆ بیانییەکان پلان لە تورکیادا دابنێن، کە ئێوە حوکمڕانی دەکەن، تۆ بەشداری وانەکانت نەدەکرد، ویستت تاقیکردنەوە بکەیت، منیش لە ئۆفیسەکەم لە زانکۆ دەرمکردیت، لە پرۆگرامی دەرچوونت دەرمکردیت، ئێوە بێ ئاگاییتان لە بابەتە ستراتیژییەکان هەیە.

نووسینگەی قایمقامی کۆجائیلی راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، ، رۆژی دووشەممە هێرشی سەر ماڵی هیچ هاوڵاتییەک نەکراوە، ناشبێت ئەو بڵاوکراوە وروژێنەرانەی کە رەنگدانەوەی راستییەکان نین بڵاوبکرێنەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، یەکە ئەمنییەکان دەستوەردانیان لە رووداوەکان کردووە، خۆپیشاندەران بڵاوەیان پێکراوە، هەروەها 10 کەسی سووری، رادەستی بەرێوەبەرایەتی هەرێمی بۆ بەڕێوەبردنی کۆچ کران، هەروەها نمونەیان وەرگیراوە بۆ دیاریکردنی هۆکاری مردنی ئاژەڵە ماڵییەکە.

ژمارەی سوورییەکان لە تورکیا، بەپێی دوایین ئاماری سەرۆکایەتی کۆچبەری تورکیا، سێ ملیۆن و 351 هەزار و 582 سووریین، کە کارتی پاراستنی کاتییان پێیە، حکوومەتیش رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 500 هەزار کەس بە ئارەزووی خۆیان گەڕاونەتەوە ناوچە ئارامەکان کە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە بەڕێوە دەچێت.