پشدەر عەبدوڵڵا: زیاتر لە 100 منداڵ بەهۆی سکچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون
K24 – سلێمانی:
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان، رایگەیاند، رۆژانە لەنێوان 100 بۆ 120 منداڵ دەهێنرێنە نەخۆشخانەکە کە نزیکەی 80 منداڵیان سکچوون و رشانەوەیان هەیە. گوتیشی: زیاتر لە 100 منداڵ بەهۆی سکچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، لەماوەی چەند رۆژی رابردوو حاڵەتێکی گیانلەدەستان بەهۆی سکچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانەکە تۆمارکراوە.
هەروەها راشیگەیاند، ساڵانە چەند حاڵەتێکی گیان لەدەستدان روودەدات بەهۆی سکچوون و رشانەوە، هەروەها هەندێک جاریش دایک و باوک هۆکارن لەوەی کە منداڵەکەیان گیان لەدەستدەدات، بەهۆی ئەوەی درەنگ دەیهێننە نەخۆشخانە یان دەیبەنە شوێنی هەڵە.
پشدەر عەبدوڵڵا، داواکارە لە دایک و باوکان کە منداڵی بچووکیان هەیە، لەگەڵ بچووکترین بەدیارکەوتنی نیشانەکانی سکچوون و رشانەوە بە خێرایی بهێندرێن بۆ نەخۆشخانە.
بەڕێوەبەری نەخۆشانەی جەمال ئەحمەد رەشید، دەڵێت: لە ئێستادا زیاتر لە 100 منداڵ بەهۆی سکچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون و بەشی زۆری هۆکارەکان ڤایرۆسییە، بەشێکی دیکە بەهۆی خواردنەوە ژەهراوی دەبێت، تەندروستی تێکدەچێت و تووشی سكچوون و رشانەوە دەبێت.
باسی لەوەشکرد، رۆژانە لەنێوان 100 بۆ 120 منداڵ دەهێنرێنە نەخۆشخانەکە کە نزیکەی 80 منداڵیان سکچوون و رشانەوەیان هەیە.
لەبارەی نیشانەکانی سکچوون و رشانەوە، پشدەر عەبدوڵڵا، گوتی: "ئەگەر منداڵ خوار یەک ساڵ بوو زۆر رشاوە، خواردنی بۆ نەخورا، ئاوی بۆ نەخوراوە، نیشانەکانی وشکبوونەوەی هەبوو، چاوی فرمێسکی نەما، گەشکەی هەبوو و لە پیساییەکەی خوێن هەبوو، دەبێت بە زووترین کات بێ وەستان بگەیەندرێتە نەخۆشخانە".
گوتیشی: "ئەگەر ئەم نیشانانەی نەبوو، دەکرێت لە ماڵەوە لە رێگەی پێدانی شلەمەنی شۆربا، چارەسەربکرێت و ئەگەر نەرمە تاشی هەبوو بۆی فێنک بکرێتەوە، هەروەها سێوی پێبدرێت و مۆزی پێبدرێت، هاوکات منداڵانیش بەدوور بگیرێت لە خواردنی سەر عەرەبانە، چوکلێت و شیرنی زۆر".