محەممەد شووکری: لە وەرزی هاویندا پەتای سکچوون و رشانەوە زیاد دەبێت

محەممەد شووکری، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان
محەممەد شووکری، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان

K24 – هەولێر:

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان رایدەگەیەنێت، پەتای سکچوون و رشانەوە مەترسیدار نییە، ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان لە وەرزی هاوین ئەم پەتایە زیاد دەبێت، هاوکات دەشڵێت: پێویستە نەهێڵدرێت منداڵان تووشی وشکبوونەوە ببن.

محەممەد شووکری، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، کاتێک پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە ناوەندێکی لەبار دروسدەبێت بۆ گەشەی میکڕۆبەکان بۆ ئەوەی ژمارەی خۆیان زیادبکەن، هۆکارێکی دیکە لە وەرزی هاوین زیاتر پێویست بە خواردنەوە ئاو و شلەمەنی دەبێت، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە زیاد دەکات، بەهۆی ئەوەی زۆربەی میکرۆبەکانی سکچوون و رشانەوە لە رێگەی ئاو یان لە رێگەی خواردنەوە دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ.

هەروەها راشیگەیاند، منداڵان بەهۆی ئەوەی سیستمی بەرگریان لەچاو گەورەکان لاوازترە زووتر تووشی پەتای سکچوون و رشانەوە دەبن و زۆر جاریش تووشی وشکبوونەوە دەبن.

ناوبراو دەشڵێت: ئەو منداڵانەی لە خوار تەمەنی یەک ساڵن ئەگەری وشکبوونیان زیاترە، هەروەها ئەگەر نەهیڵدرێت مناڵەکان وشکببنەوە کاریگەری زۆریان لەسەر بەدیار ناکەوێت.

پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، روونیکردەوە، لەکاتی تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە ئەوەی گرنگە سەرەتا نەهێڵدرێت وشکبوونەوە رووبدات، پێویستە ئاوی گیراوەی موغەزییان پێبدرێت، هەروەها هەر منداڵێک تەمەنی لە خوار ساڵێک بوو ئەوەی گرنگە لە دوای هەر سکچوونێک 50 بۆ 100 سیسی موغەززی پێبدرێت، باشترە لە رێگەی سرنج یان قەتارە یان کەوچک موغەزییەکانیان پێبدرێت.

لەبارەی مەترسیەکانی سکچوون و رشانەوە، محەممەد شووکری، گوتی: سکچوون و رشانەوە کاتێک مەترسیدارە  کە منداڵەکە بەردەوام بڕشێتەوە و هیچ نەخوات، کە دەبێتە هۆی وشکبوونەوە، دوای وشکبوونەوە دەبێتە هۆی سستبوونی گورچیلەکان، دوای سستبوونی گورچیلەکان ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی مردن.

گوتیشی: ئەو منداڵانەی لە خوار یەک ساڵن لەکاتی تووشبوونیان بەو حاڵەتە پێویستە بە زووی ببرێنە بنکەی تەندروستی یان نەخۆشخانە بۆ ئەوەی بە پیێ پێێویست چارەسەریان پێبدرێت.

سەبارەت بە چارەسەرەکانی، پەتای سکچوون و رشانەوە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، رایگەیاند، باشترین چارەسەر شۆربای برنجە بدرێت بە منداڵەکان، هەروەها هەندێک چارەسەری دیکە هەیە بۆ منداڵان پێی دەوترێت بەکتریای سودبەخش، بەشێوەی قەترە و پاودەر هەیە ئەگیرێتەوە، یان شڕوبی زینک کە بەرگری بەهێز دەکات، دایک و باوکان دەتوانن ئەو چارەسەرانە بدەن بە منداڵەکانیان بۆ ئەوەی بە خێرایی لەو پەتایە چاکببنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە (4ـی تەمموزی 2023)، پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان، بۆ کوردستان24، رایگەیاند، رۆژانە لەنێوان 100 بۆ 120 منداڵ دەهێنرێنە نەخۆشخانەکە کە نزیکەی 80 منداڵیان سکچوون و رشانەوەیان هەیە. گوتیشی: زیاتر لە 100 منداڵ بەهۆی سکچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون و یەکێکیشیان گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ساڵانە لە نیوان 250 بۆ 500 هەزار مندال بەهۆی پەتای سکچوون و رشانەوە گیان لەدەستدەدەن.