سوپای ئیسرائیل لە جنین دەکشێتەوە

K24 - هەولێر

رادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دوای دوو رۆژ لە ئۆپراسیۆن و پێکدادان، سوپای ئیسرائیل دەستی بەکشانەوە لە کەمپی پەنابەرانی جنین لە کەرتی رۆژئاوا کرد.

بەگوێرەی رادیۆی سوپای ئیسرائیل، بەکشانەوەی هێزەکانیان لە کەمپی جنین کۆتاییان بە ئۆپراسیۆنەکانیان بۆسەر ئەو ناوچەیە هێناوە.

هاوکات، وەزارەتی بەرگری فەڵەستین کوژرانی سەربازێکی ئیسرائیلی لە پێکدادانەکان لەگەڵ کەتیبەکانی قەسام لە کەرتی رۆژئاوا راگەیاند.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا سوپای ئیسرائیل بە بەشداری زیاتر لە هەزار سەرباز ئۆپراسیۆنێکی فراوانی بۆ سەر شاری جنین لە کەرتی رۆژئاوا ئەنجامدا، بەهۆیەوە 12 فەڵەستینی کوژران و زیاتر لە 100 کەسی دیکە برینداربوون.