حەشدی شەعبی لە کەرکووک زەوی هاووڵاتییانی کورد داگیر دەکەن

K24 – کەرکووک

لە كەركووك حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر زەوییەکدا گرتووە کە رووبەرەکەی 60 دۆنمە، زەوییەكە لە یەكێك لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شارەكەدایە، و دەیانەوێت بارەگایەکی سەربازی تیادا دروست بکەن، ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق، چوونەتە سەر زەوییەکە و داوای راگرتنی کاری دروستكردنی بارەگاكەیان کردووە، بەڵام ئەو هێزە رێگەیان نەداوە كە ئیشكردن بۆ دروستكردنی بارەگەكە رابگیرێت.

‎لەماستەر پلانی شارەوانی کەرکووکدا، زەوییەکە خزمەتگوزارییە، و شوێنی دروستکردنی باخچەیەکی گشتییە و دەبێت دروست بکرێت، بەڵام حەشدی شەعبی، بەشێوەی زیادەڕۆ لەو جێگەیەدا، دەیانەوێت دەست بە دروستکردنی بارەگاکەیان بکەن.

‎بارەگای مەکتەب سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک چەند سەد مەترێک لەو زەویەوە دوورە و ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت: حەشدی شەعبی بەڵێنیان داوە کە کارکردن لەوێ رابگرن.

‎سیروان کوێخان نەجم، سەرکردایەتی یەکێتی بە کوردستان24ی گوت: "ئەمە جۆرێکە لە تەعریب کردنی ناوچەکە، چونکە هەموو دانیشتووانی ناوچەکە کوردن".

گوتیشی: "فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بەڵێنی داوە واز لە کارکردن بۆ دروستکردنی ئەو بارەگایە دەهێنرێت، ئەگەر ئەوە نەکرێت شێوازی تر دەگرینەبەر".

‎لەدوای 16ی ئۆکتوبەری 2017، حەشدی شەعبی لە شاری کەرکووکدا بووەتە هێزێکی باڵا دەست، پێشووتر لە گەڕەک و ناوچە عەرەبیەکاندا دەستیان بەسەر زۆر زەویدا گرتووە، بەڵام كاردانەوەكان بەرانبەر ئەم هەوڵەیان جیاوازدەبێت، کە دەستیان بۆ زەوی و شوێنی خزمەتگوزاری گەڕەک و ناوچە کوردنشینەکان بردووە.