ئۆکرانیا لەناوبردنی تیمێکی سەربازی رووسیای راگەیاند

تانکێکی ئۆکرانیا لەرێگای دۆنێتسک
تانکێکی ئۆکرانیا لەرێگای دۆنێتسک

K24 - هەولێر

سوپای ئۆکرانیا لەناوبردنی تیمێکی سەربازیی رووسیای لە شاری ماکیڤکا لە ناوچەی دۆنێتسکی ژێر دەسەڵاتی مۆسکۆ لە هێڵی پێشەوە راگەیاند، کە بەرپرسان و میدیاکانی رووسیا باسیان لە کوژرانی هاووڵاتییەکی مەدەنی و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە کردووە.

هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە درەنگانی شەوی رابردوو لە راگەیەندراوێکدا رایانگەیاند: لە ئەنجامی هێرشەکی یەکەکانی هێزەکانی بەرگری ئۆکرانیا، تیمێکی تری رووسیا لە ماکیڤکای دۆنێتسک لەناوبران.

دێنیس پوشیلین، "سەرۆکی کۆماری گەلی دۆنێتسک"ی ژێر کۆنتڕۆڵی رووسیا، رایگەیاند، هێزەکانی ئۆکرانیا هێرشێکی سەختیان بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبوونەکان و کۆمەڵگەیەکی نەخۆشخانە لە ماکێڤکا دەستپێکردووە.

ئاژانسی هەواڵی "ئینتەرفاکس"ی رووسی بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئۆکرانیا کەسێک کوژراوە و 36 هاوڵاتی سڤیل برینداربوون.

هەروەها  ئاژانسی هەواڵی "تاس"ی رووسی، لە سەر زاری بەرپرسانی دۆنێتسک بڵاویکردەوە کە دەڵێن: لە ئەنجامی بۆردومانەکەی هێزەکانی ئۆکرانیا، نۆ دامەزراوەی چاودێری تەندروستی زیانیان بەرکەوتووە.

لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو، هێزەکانی رووسیا هێرشیان کردە سەر ئۆکرانیا، تاوەکو ئێستا شەڕ بەردەوامە و بەهەزاران کەس لەهەردوول کوژراون.