مەسرور بارزانی خانووێکی بەخشییە هەنار تەها قوتابی یەکەمی وێژەیی

K24 – هەولێر
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی هەنار تەها، قوتابی یەکەمی وێژەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانی کرد و کلیلی ئەو خانووەی پێدا کە سەرۆکی حکومەتی پێی بەخشیووە.
وەزیری پەروەردە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە چەمچەماڵ گوتی: "ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ماڵی هەنار تەها یەکەمی وێژەیی-یمان کرد، کە دوێنێ بڕیاریدا بێینە خزمەتیان و دیاری و پاڵپشتی سەرۆکی حکومەتیان پێشکەش بکەین، هەروەها سەرۆکی حکومەت بڕیاریدا بوو کە خانووێک بەو خانەوادەیە ببەخشێت و خانەوادەکەش بڕیاریاندا کە خانووەکە بەناوی هەنارەوە بێت".
گوتیشی: "پەیامی سەرۆکی حکومەت ئەوەیە کە دەبێ پاڵپشتی ئەو کەسانە بکرێت کە خاوەن ئیرادەن و ئامانجیان هەیە، بۆیە پەیامی سەرۆکی حکومەت بۆ هەنار تەنیا لایەنە مادییەکە نییە، بەڵکو جەختکردنەوەیە لەسەر لایەنە مەعنەوەیەکە".
ئالان حەمە سەعید، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ هەنار گرێبەستی ئەو خانووەی واژۆ کرد کە لەلایەن سەرۆکی حکومەت پێی بەخشرا، "ئێمە هاتووین پشتگیری ئەو ئیرادەیە بکەین کە هەنار و دایکی خاوەنی بوونە، بەڵام ئەمڕۆ ئیرادەی سەرۆکی حکومەتی لەگەڵە بۆ پاڵپشتی کردن، ئەوەش پەیامێکە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بە ئامانج بگەن".
لای خۆشییەوە هەنار تەها، سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە خانووێک و 50 هەزار دۆلاری پێبەخشین".
هەنار تەها گوتیشی: "شانازی بەوە دەکەم کە خوێندنم لە ئامادەیی مەستوورە کە بۆ من زۆر جیاواز بوو، هەموو مامۆستاکان بلیمەت بوون و خزمەتی زۆریان کردم، هەروەها شانازی بە ئەندامانی خێزانەکەم بە تایبەتی دایکم دەکەم کە هەمیشە پاڵپشتم بووە".
لەسەر داوای هەنار، وەزیری پەروەردە و شاندی یاوەری سەردانی ئەو قوتابخانەیان کرد کە هەنار لێی خوێندووە، هەنار لەناو پۆلەکەیدا گوتی: "مەبەستم لێرە ماڵئاوایی لە خوێندنگەکەم بکەم و دوا پەیامی خۆم پێشکەش بکەم، ئەو خوێندنگەیە وەکو دایک سۆزی بە قوتابییەکان بەخشیوە و گرنگی بە هەموو قوتابیان دەدەن".