فرانس پرێس: فرۆشگاکانی فەرەنسا بەهۆی ئاژاوەگێڕییەوە ملیارێک یۆرۆ زیانیان بەرکەوتووە
K24 - هەولێر:
خاوەن فرۆشگاکانی فەرەنسا هیواخوازن ئاژاوەگێڕی و کردەی تێکدەرانە بە زووترین کات تەواو بێت، چونکە زەرەر و زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
رۆژی 27/6/2023، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا گەنجێکی تەمەن 17 ساڵەی بە رەگەز جەزائیری بەناوی (نائل) لە کاتێکدا کە بە ئۆتۆمبێل هەوڵیدا لە پۆلیس هەڵبێت، لەلایەن پۆلیسێکەوە تەقەی لێکرا و کوژرا، دواتریش ڤیدیۆی رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە.
کوژرانی نائل ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە و زیاتر لە هەفتەیەکە لە فەرەنسا خۆپیشاندان دژی ئەو رووداوە دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، ئاماری زیانی ماددی دوکان و فرۆشگاکانی فەرەنسا بەهۆی ئاژاوەگێڕی و کردەی تێکدەرانەوە، گەیشتووەتە یەک ملیار یۆرۆ.
جۆزێف گۆرێ تەمەن (30 ساڵ) خاوەنی فرۆشگایەکی توتنە لە فەرەنسا و دەڵێت، لەلایەن 10 کەسەوە هێرش کراوەتەسەر فرۆشگاکەی و دوای ئەوەی تاڵانیان کردووە، ئاگریان لە فرۆشگاکەی بەرداوە.
بەپێی ئامارێکی حکومەتی فەرەنسا، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تا رۆژی سێشەممە 4ـی تەمووز 10 مۆڵ، 200 سوپەرمارکێت، 60 دوکانی فرۆشتنی ئامێر و کەرەستە وەرزشییەکان، 440 فرۆشگای توتن و 370 لقی بانکی هێرشیان کراوەتەسەر.