خراپی کوالێتی بەنزین کێشەی بۆ شۆفێران دروستکردووە

K24 – سلێمانی:

ساڵانە لەگەڵ هاتنى وەرزى هاویندا هەندێک کات بە هۆى خراپى کوالێتى بەنزینەوە کێشەى لەکارکەوتنى فیول پەمپى ئۆتۆمبێل بەرۆکى شۆفێران دەگرێت، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانى رابردوو ئەو گرفتە کەمترە بەڵام کێشەیەکى دیکە سەریهەڵداوە کە ئەویش پەیوەندى بە خراپى کوالێتى بەنزینەوە هەیە.

هێمن عەلی،  وەستاى چاککردنەوەى فیول پەمپ، لە لیدوانێکیدا بۆ کوردستان24، رایگەیاند، کێشەی فویلپەمپ کەمێک کەمترە لە هی پار و پێرار، هەروەها ئەمساڵ زیاتر کێشەی نۆزڵ هەیە، زۆرینەی ئەوانەی سەردانی دەکەن دێن بۆ گۆڕینی نۆزڵەکانیان.

شۆفێران هەموو کات بە دواى بەنزینى کوالێتى باشدا دەگەرێن بە تایبەت لە وەرزى هاویندا بەڵام هەندێک کات ئەو بەنزینەى دەیکڕن باشەو هەندێک کاتیش کێشەیان بۆ دروست دەکات .

لەلایەکی دیکەوە، محمد لوقمان، شۆفێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەندێک جار بەنزینەکە باشە و هەندێک جاریش خراپە و شتەکە دیارى کراو نییە، هەروەها ئاستێکى جێگری نییە هەرجارەى بە شێوازێکە.

ئەنجومەنى پارێزگا لە رێگەى لیژنەى تەندروستى و وزەوە بە دواداچونى بۆ کوالێتى بەنزین کردووەو نوسراوى ئاڕاستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆیان دەرکەوتووە  بەنازانستى هەندێک مادە تێکەڵ بە بەنزین دەکرێت کە زیانی هەیە .

لەلایەن خۆیەوە ، رێبوار ئەحمەد، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى، گووتی: " بۆ ئەوەى بازاڕ دابەزێ بۆ ئەوەى ئەو بازرگانە فرۆشى هەبێت، لەگەڵ کۆمەڵێ ماددەی دیکەدا تێکەڵی دەکەن، کە ئەمە نابێ لەگەڵ کۆسیندەیدا تێکەڵ دەکرێ لەگەڵ نەفت تێکەڵ دەکرێ".

بە گوێرەی ئامارێک، پارێزگاى سلێمانى رۆژانە پێویستى بە ملیۆنێک و 250 هەزار لیتر بە نزین هەیە بە هەر سێ جۆرەکەیەوە، هەروەها لە وەزرى هاویندا خواست لەسەر کڕینى بەنزینیش زیاتر دەبێ .