کورد لە کەرکووک بە چوار لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەکات

K24 - کەرکووک

بڕیارە لە 18/12/2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەرێوەبچێت، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 کورد لە کەرکووک زیاتر لە چوار لیست و هاوپەیمانێتی دەبێت و بەیەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەن، بەڵام هێشتا هیچ کام لە هێزە سیاسییەکان لیست و هاوپەیمانێتیان پێشکەش بە کۆمسیۆن نەکردووە.

بەشێک لە هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی کەرکووک دەخوازن لە لایەنە سیاسییەکان بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، بەڵام تائێستا هیچ لە ئارادا نییە کە کورد لە هیچ پارێزگایەک بە یەک لیست بچێتە هەڵبژاردنەوە.

شەفیق شوانی، هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی کەرکووکە، ئەو دەڵێت: "ئەگەر کورد لە کەرکووک یەکبگرن و یەک دەنگ بن بۆ هەموومان زۆر باش دەبێت".

هێشتا هێزە سیاسییەکان نەهاتوونەتە ژێر ئەو داوایەی کوردستانیان بۆ یەک لیستی لە کەرکووک، حزبی شوعی کوردستان، دەستپێشخەریەکیان خستووەتەڕوو تاکو یەکێتی و پارتی و هەموو هێزە کوردییەکان لە یەک لیست کۆبکەنەوە، بەڵام تاکو ئێستا هەوڵەکەیان سەری نەگرتووە.

دڵشاد حەساری، سکرتێری مەڵبەندی کەرکووکی حزبی شوعی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێمە دەستپێشخەری خۆمان دەکەین و ئەو ئەرکە مێژووییە دەخەینە ئەستۆی پارتی و یەکێتی".

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەرگای بۆ هێزە سیاسییەکان کردووەتەوە تاکو لیست و قەوارە پێشکەش بکەن، بەڵام هێشتا هیچ لایەنێکی کوردی لیستی پێشکەش نەکردووە.