داهاتی نەوتی عێراق کەمیکردووە

kurdistan24.net

K24 - بەغدا

حکومەتی عێراق لە شەش مانگی یەکەمی سەرەتای ئەمساڵ بایی 43 ملیار و 534 ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو تەنیا لەم شەش مانگە 17 ملیار دۆلار زەرەمەند بووە، ئەمەش بەهۆی کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان.

قاسم غەراوی، بەڕێوەبەری سەنتەری قیمە بۆ توێژینەوە بە کوردستان24ی گوت: "هۆکاری دابەزینی داهاتی نەوت لە شەش مانگی رابردوودا رێکخراوی ئۆپێکە، کە هەناردەکردنی کەمکردووەتەوە و لەبەر ئەوەی عێراق ئەندامە لە ئۆپێک ناتوانێت کە داواکارییەکانی رەتبکاتەوە".

ساڵی رابردوو لە بەرامبەر فرۆشتنی نەوت، عێراق بڕی 1150 ملیار دۆلار دەستکەوتووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2021 بڕی 75 ملیار دۆلاری دەستکەوتبوو، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیش بڕەکە 43 ملیار و 534 ملیۆن دۆلارە.

لەوبارەوە قاسم بەلشان، شارەزای ئابووری دەڵێت: "بۆ ئەوەی عێراق لە کێشەی داهاتی نەوتی رزگاری بێت، دەبێ گرنگی بە کەرتی تایبەت و کشتوکاڵ و بازرگانی بدات، چونکە هیچ وڵاتێکی پێشکەوتوو پشت بە نەوت نابەستێت".

لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا فرۆشتنی نەوتی عێراق بازارەکانی جیهان بەمشێوە بووە:

-کانوونی دووەم: حەوت ملیار و 690 ملیۆن.

- شوبات: حەوت ملیار و 81 ملیۆن.

- ئازار: حەوت ملیار و 506 ملیۆن و 401 هەزار دۆلار.

- نیسان: حەوت ملیار و 796 ملیۆن دۆلار.

- ئایار: حەوت ملیار و 324 ملیۆن و 641 هەزار دۆلار.

- حوزەیران: حەوت ملیار و 115 ملیۆن دۆلار

بەگوێرەی یاسای بودجە، دەبێ عێراق رۆژانە بڕی سێ ملیۆن و500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات، کە نرخەکەی بە 70 دۆلار دانراوە، بەڵام بڕیارێکی رێکخراوی ئۆپێک، عێراقی ناچار کردووە 211 هەزار بەرمیل رۆژانە کەمبکاتەوە، کە ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی عێراق داهاتە نەوتییەکەی کەمبێتەوە.