پێشبینی دەکرێت بەرهەمی تەماتەی ئەمساڵ لە ئاکرێ بگاتە سەرووی پێنج هەزار تۆن

K24 - ئاکرێ

لەم چەند ساڵەی دواییدا لە سنووری ئاکرێ، گرنگی بە چاندنی تەماتە دەدرێت و پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی ناوچەکە بگاتە سەرووی پێنج هەزار تۆن، جووتیارانی ناوچەکە ئاماژە بەوەدەدەن، ئەو تەماتەی لە ناوچەکە دەچێندرێت جۆرەکەی باشە و خواستێکی زۆری لەسەرە.

شەفیق یەحیا، جووتیارێکی سنووری قەزای ئاکرێیە و دەڵێ: "ئەمساڵ بەرهەمی تەماتە زۆر باشە و رێژەیەکی زۆری زەوییمان بە تەماتە داچاندووە، ئێستا بەرهەمەکەی پێگەیشتووە و هەندێکی لە بازاڕی ئاکرێ ساغ دەکەینەوە و ئەوەی دیکەشی رەوانەی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک دەکەین".

ساڵ دوای ساڵ داچاندنی تەماتە لە سنووری ئاکرێ زیاتر دەکات و حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی و هاوکاری جووتیاران دەکات، بۆ بەرهەمی زیاتری ناوخۆی کشتوکاڵی.

کاروان جەمال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ بە کوردستان24ی راگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ رێژەی زیاتری زەوی سنووری ئاکرێ بە تەماتە داچێندراوە، ساڵی رابردوو نزیکەی 800 دۆنم زەوی بە تەماتە داچێندرابوو، بەڵام ئەمساڵ 950 هەزار دۆنم زەوی کراوەتە تەماتە".

ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو پشتیوانییەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جووتیاران و بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ.