لە یەکەم رۆژیدا 30 ملیۆن بەکارهێنەر لە سرێدس هەژماریان کردەوە

تۆڕی کۆمەڵایەتی سرێدس
تۆڕی کۆمەڵایەتی سرێدس

K24 – هەولێر:

مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی وەشانی پلاتفۆڕمی نوێی "سرێدس"، زیاتر لە 30 ملیۆن بەکارهێنەر هەژماریان کردووەتەوە.

پلاتفۆڕمی سرێدس کە هاوشێوەی تویتەرە و یەکێکە لە پلاتفۆڕمە نوێیەکانی کۆمپانیای مێتا کە خاوندارییەتی فەیسبووک و ئینستاگرام و واتسئەپ دەکات، وەک رکابەرێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەبیندرێت کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە لەلایەن ئیلۆن مەسک خاوەنیەتی.

بەشێک لە شارەزایانی بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لەم دواییە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر کرا، بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕە دڵخۆشن رووبکەنە بەکارهێنانی سرێدس کە هاوشێوەی تویتەرە بەڵام ئازادانەتر دەتوانن بابەت و پەیامەکانیان بڵاوبکەنەوە.

لە بەرامبەر ئەوەشدا، لیندا یەکارینۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر رایگەیاند، دەکرێت لاسایی تویتەر بکرێتەوە بەڵام هەرگیز دووبارە ناکرێتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی سرێدس ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی تویتەر.

سرێدس رێگە دەدات بە بەکارهێنەرانی تاوەکو 500 پیت لە پەیامەکانیان بنووسن کە ئەمەش دوو هێندەی تویتەرە بەڵام لە زۆربەی تایبەتمەندییەکانی دیکەدا هاوشێوەن، لەگەڵ ئەوەشدا، بینینی پەیامە بڵاوکراوەکانی بۆ بەکارهێنەرانی سنووردار نەکردووە هاوشێوەی گۆڕانکارییە نوێیەکانی تویتەر.

هاوکات مارک زوکەربێرگ جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، پاراستنی شێوازی دۆستانەی سرێدس کلیلی سەرکەوتنی پلاتفۆڕمەکەیە و لە بەرامبەریشدا، ئیلۆن مەسک وەڵامیدایەوە، پلاتفۆڕمی ئینستاگرامی بە شاردنەوەی ئازارەکان بە خۆشی ساختە وەسفکرد.

لەگەڵ ئەوەشدا، زوکەربێرگ ئاماژەی بەوەکردووە، کە دەیەوێت ژمارەی بەکارهێنەرانی سرێدس لە یەک ملیار تێپەڕێنێت و بێتە گەورەترین پلاتفۆڕمی گفتوگۆکردن لەسەر ئاستی جیهاندا و گوتی، "تویتەر ئەو دەرفەتەی هەبوو بەڵام نەیتوانی ئەوە بکات، هیوادارم ئێمە بتوانین ئەوە بکەین".

هەر ئەمڕۆ دامەزراوەی كوردستان24 بۆ توێژینه‌وه‌ و راگه‌یاندن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سرێدس پەیجێکی فەرمی دروست کرد و هاوشێوەی پلاتفۆڕم و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، هەواڵ و بەرهەمە میدیاییەکانی خۆی تێیدا بڵاودەکاتەوە.

ئەگەر هەژماری 'سرێدس'ـت هەیە لێرەوە فۆڵۆومان بکە.

دیجیتاڵ میدیای کوردستان24 جگە لە سرێدس، لە پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکانی وەک (فەیسبووک، ئینستاگرام، تویتەر، یوتیوب، تەلیگرام، ڤایبەر، سناپچات و تیکتۆک) پێگەی فەرمی خۆی هەیە و لە هەریەک لە پلاتفۆڕمەکان ژمارەیەکی بەرچاو بینەر و 'فۆڵۆوەر'ـی هەیە.

دامەزراوەی كوردستان24 بۆ توێژینه‌وه‌ و راگه‌یاندن، ناوەندێكی میدیاییە. بێلایەنانە و پیشەییانە، بەرهەمێكی پوختی میدیایی بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵانە پێشكەشى بینه‌ر و بیسه‌ر و خوێنه‌رانی دەكات.