لە بەغدا.. 13 کیلۆ زێڕ لە دوکانێکی زێڕنگریدا دزرا

K24 – هەولێر:

لە بەغدا دزی لە دوکانێکی زێڕنگری دەکرێت و  13 کیلۆ ئاڵتون دەدزرێت، هەروەها دزەکان پێش مانگێک نانەواخانەیەکی تەنیشت دوکانی زێڕنگرەکەیان بەکرێ گرتبوو، لەو رێگەیەوە دیوارەکەیان شکاندوە و چوونەتە ناو دوکانی زێڕنگرەکە و دزییەکەیان ئەنجامداوە.

ئەحمەد جاسب، زێڕینگری دزی لێكراو، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لەكاتی نيوەڕۆدا زێڕی ناو دوكانەكەمان ھەڵنەدەگرتەوە، دزەكان ئەوەیان بەدەرفەت زانیوە و لە دوكانی تەنیشتمانەوە دزییەكەیان كردووە و سێزدە کیلۆ زێڕیان بردووە"

لەلایەکی دیکە، عادل جاسب، برای زێڕنگری دزی لێكراو، بۆ کوردستان24، گووتی: "ئەو زێڕەی دزراوە بڕێكی زۆر زۆرە، لە خوونەریتی باوی زێڕنگراندا، ئەو بڕەی دزەكان بردوویانە زیاتر لە نیوەی ئەو بڕەی كە رۆژانە ناو بازاڕی زێڕنگرانی پێ كۆنتڕۆڵ دەكرێت، پێموایە دزییەكە كارەساتێكی زۆر گەورەیە "  

دوکانی زێڕفرۆشەکە لە شەقامی فەڵەستین لەرۆژھەڵاتی بەغدای پایتەختی عێراق بووە، دزەکان دوکانێکی دراوسێی زێڕنگەرەکە کە نانەواخانە بووە پێش مانگێک بە کرێیان گرتبوو، لەو رێگەوە دیوارەکەیان شکاندووە و چوونەتە ناو دوکانی زێڕنگەرەکە و دزی خۆیان کردووە و هەڵاتوون، هەروەها دزەکان لە نیوەڕۆیەکی گەرمی بەغدا دزییەکەیان ئەنجامداوە .  

زێڕنگران داوا دەكەن رێكارەكانی لێكۆڵینەوە خێرا بكرێت و دزەكان دەستگیر بكرێن، ئەوان دزییەكە بەكارەسات ناودەبەن چونكە ئاڵتوونێكی زۆر براوە، وەک خۆشیان باسی لێ دەکەن بە بەهای زیاتر لە ملیارێک دینار زیان بە زێڕینگرەکە گەیشتووە.