پۆلیسی هەولێر دوو تۆمەتباری مەترسیدار دەستگیر دەکات

دوو تۆمەتبارەکە دوای دەستگیرکردنیان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر
دوو تۆمەتبارەکە دوای دەستگیرکردنیان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی دوو تۆمەبتباری راگەیاند کە پێشتر پێنج فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، سەرەڕای دزینی چەند ئۆتۆمبێلێک، بە هەڕەشەکردن پارەیان لە هاووڵاتییان وەرگرتووە.

رۆژی (6ـی تەمموزی 2023)، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێر رایگەیاند، دوو تۆمه‌تبار ده‌ستگیركراون كه‌ له‌ شێوه‌ی باند كاریان كردووه‌ و چه‌ندین تاوانیان ئه‌نجامداوه‌ وه‌ك دزی و رێگری و هه‌ڕه‌شه‌ و رفاندن.

بە گوێرەی دانپێدانانی دوو تۆمەتبارەکە، به‌ شێوه‌ی ئۆنلاین هەوڵی فرۆشتنی چەند ئۆتۆمبێلێکیانداوە کە لە راستیدا بوونی نەبووە و دوای بینینی ئەو کەسانەی ویستوویانە ئۆتۆمبێلەکان بکڕن، لەژێر هەڕەشەدا بە هێزی چەک پارەکەیان لێوەرگرتوون.

هاوکات دانیان بەوەشداناوە، کە لە رێگەی ئۆنلاینەوە هەوڵی گۆڕینەوەی دۆلاریانداوە لەگەڵ چەند کەسێک بەرامبەر بە دۆلاری لیبی، لە کاتێکدا ئەوان هیچ بڕە پارەیەکیان لە جۆری دۆلاری لیبی نەبووە و تەنیا کەسانی خاوەن پارەیان هەڵخەڵەتاندووە و دواتر بە هەڕەشەکردن پارەیان لێوەرگرتوون.

لە دوایین کاری تاوانکاریاندا، هەوڵیانداوە بڕی یەک ملیۆن دۆلار لە هاووڵاتییەک وەربگرن بەرامبەر بە دوو ملیۆن دۆلاری لیبی بەڵام پێش ئەوەی لە مامەڵەکەدا بگەن بەیەک و بە هەڕەشە پارەی ئەو کەسە وەربگرن لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیرکراون.

هەروەها ئەو دوو تۆمەتبارە کە بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی هەولێر دانیشتووی دەرەوەی شاری هەولێرن، چەندین تاوانی دیکەی دزیکردنیان ئەنجامداوە، لەوانە دزینی بڕە پارەیەکی زۆر لە یەکێک لە کارگەکانی هەولێر و دزینی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و بردنی بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ ئەوەی بیفرۆشنەوە.