دلاوه‌ر ئاژگه‌یی: هەرێمی کوردستان خوازیارە دەستی بگات بە بازاڕی یەکێتی ئەوروپا

K24 - هەولێر:

نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مڕۆ کۆبوونەوەی لێژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ عێراق به‌ڕێوه‌چوو. له‌ میانه‌ی گۆتارێكدا نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا رایگه‌یاند، هەرێم پشتگیری لە وەبەرهێنانی هەمەچەشن ده‌كات. ده‌شڵێت: "هەرێمی کوردستان خوازیارە دەستی بگات بە بازاڕی یەکێتی ئەوروپا".

له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی فه‌یسبووك، نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، کۆبوونەوەی لێژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ عێراق، لە ژێر ناوی ئاسۆی هاوکاری ئابووری و پاڵپشتی بۆ وەبەرهێنانی راستەوخۆی دەرەکی لە عێراق، به‌ڕێوه‌چوو.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كۆبوونه‌وه‌كه‌ بە بەشداری هەر یەک لە سەرۆکی لیژنه‌ی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا، بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئه‌وروپا، بەرپرسی بەشی نیمچە دورگەی عەرەبی و عێراق لە ئۆفیسی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، سەرۆکی یەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست لە هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە کۆمسیۆنی ئەوروپا و باڵیۆزی عێراق لە یەکێتی ئەوروپا به‌ڕێوه‌چوو.

دلاوه‌ر ئاژگه‌یی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا لە کۆبوونەوەکە تیشکی خستەسەر هەنگاو و بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و دەرفه‌تەکانی وەبەرهێنان.

ئاژگه‌یی هه‌روه‌ها رایگەیاند، هەرێمی کوردستان پشتگیری لە وەبەرهێنانی هەمەچەشن لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری، پیشەسازی، ژینگەی سەقامگیر و ئارام، جوگرافیای لەبار، سەرچاوەی بەردەست دەرفەت بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی دەکات.

لە بەشێکی دیكه‌ی گوته‌كانی، ئاژگەیی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان خوازیارە دەستی بگات بە بازاڕی یەکێتی ئەوروپا بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و گوتی: بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، پێویستمان بە هاوکاری و پشتیوانی یەکێتی ئەوروپا هەیە.

لە کۆتایی گوتەکانی نوێنەری حکومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بە یاسای بودجەی عێراق کرد و هیوایخواست ئەم دەرفەتە گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بە دادپەروەری جێبەجێ بکرێت و دوور بێت لە دەستوەردانی سیاسی.

ئەمڕۆ(6ـی تەمموزی 2023)، ئەحمەد بەرواری، باڵوێزی عێراق لە یەکێتی ئەوروپا، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت، لە کۆبوونەوەکەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا باسی پێشکەوتنی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، هەروەها باسی بەرەوپێشچوونی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا کرا.

هەروەها راشیگەیاند، یەکێتی ئەوروپا باسی ئەم پێشکەوتنانەی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووە، ئامادەی هەماهەنگی و هاوکارین بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان.